سامسۆنگ
8, تشرینی یهكهم 2018
سامسۆنگ لەوانەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ ئەندرۆید ٩ پای بۆ مۆبایلەکانی ڕەوانە بکات

هەرچەندە ئەندرۆید پای تا ئێستا بە تەواوی لە ئامارەکانی گووگڵ دەرنەکەوتووە، و تەنها ڕێژەیەکی کەمی مۆبایلەکانی جگە لە پیکسڵ پێیان گەیشتووە.
ئیسێنشەل یەکەم کۆمپانیا بوو کە وەشانی جێگیری بۆ مۆبایلەکەی خۆی ڕەوانەکردووە، پاشان وەنپڵەس و ئینجا ئێچ ئێم دی گلۆبەڵ و ئینجا هواوەی. زۆربەی کۆمپانیاکانی تری وەکو، سۆنی و مۆترۆلا و ئێچ تی سی بەڵێنیان داوە کە ڕەوانەی بکەن، بەڵام سامسۆنگ ماوە کە دووپاتی بکاتەوە کەی و چ کاتێک بە ڕوونی مۆبایلەکانی پێیان دەگات.
بەداخەوە، پەیامێکی ئەم دواییانەی سامسۆنگ کە بۆ ئەندامانی سامسۆنگ لە فەرەنسا نێردراوە، تێیدا ئاماژەکراوە کە وەشانی ئەندرۆید پای لەم دوو مانگەی داهاتوودا نابێت و نزیکترین کات بریتییە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، واتە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ـەوە.
لە ئێستادا سامسۆنگ سەرقاڵی ڕێکخستنی نوێترین تایبەتمەندییەکانی ئەندرۆید پایە بۆ مۆبایلەکانی، هەروەک سەرقاڵی ژمارەیەک لە تایبەتمەندی و زیادکراوەی تریشە. بێگومان هیوا هەیە کە پڕۆگرامی گشتی بەیتا واتە تاقیکاری بەم زووانە دەست پێ بکات بەڵام دیارنییە کەی بە ڕوونی دەست پێدەکات.
تا ئەم خولەکە کەمێک گۆڕانکاری دزەیان پێکراوە، ئەوانیش شێوەی TrueCaller بۆ ناسینەوەی ناسنامەی ئەو کەسەی پەیوەندی دەکات، پشتگیری لە VoLTE/VoWiFi بۆ سیمکاردی دووەم لەسەر گالەکسی نۆت ٨ی دوو سیمکاردی، هەروەها چەند نوێکاریەک لە ئەپی تۆمارکردنی دەنگ واتە Voice Recorder.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!