گەرمترین 11, تشرینی یه‌كه‌م 2018

مۆبایلی Razer Phone 2 بە Snapdragon 845 و Wireless charging و IP67 ـەوە ڕاگەیاندرا

بێگومان یاریکردن بووەتە شێوەیەکی زۆر بەربڵاوی کات بەسەربردن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و هەمیشەش ئەوانەی یاری ڤیدیۆیی دەکەن پێشەنگن لە ئەزموون کردنی نوێترین تەکنەلۆژیای تایبەت بە یاریکردن.  Razer Phone 2 مۆبایلێکی پڕ هێز و وزەیە بۆ یاریکردن بە بوونی تایبەتمەندی نایاب و کۆمەڵێک چاکسازی بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی.

با بە تایبەتمەندییەکانی دەست پێ بکەین. ڕوونماکەی ٥.٧ ئینجە لە جۆری IGZO LCD بە ڕوونی QHD. ڕوونماکە بە ٥٠% ڕووناکترە لە نەوەی پێشتر کە تا ٥٨٠ نیت ڕووناک دەبێتەوە. هەروەک ڕەیزەر پێی وایە کە ڕوونما تازەکەیان لە تاریکیدا باشتر وردەکارییەکان پێشان دەدات.

ڕوونمای مۆبایلەکە Refresh Rateـی تا ١٢٠ هێرتزە و پشتگیری لە HDR و DCI-P3 دەکات، کە هاوکارن لە پێشاندانی باشتری یاریەکان و ڤیدیۆ لەسەر ئەم مۆبایلە.

ئەم مۆبایلە بە سناپدراگۆنی ٨٤٥ و سیستەمی ساردکردنەوەی vapor chamber cooling بەهێزکراوە. ئامانج لەم جۆرە سیستەمە ڕێگە گرتنە لە گەرمبوونی مۆبایلەکە لە دۆخە جیاجیاکاندا. هەروەها ئەم مۆبایلە ڕامی ٨ گێگابایتە و بیرگەی ناوخۆیی ٦٤ گێگابایتە. ئەمە هەرچەندە چاوەڕوانی بیرگەی زیاتر دەکرا بەڵام بەداخەوە هەر وەکو خۆی ماوەتەوە. خۆشبەختانە شوێنی بیرگەی ئێس دی هەیە بۆ زیادکردنی بیرگەی مۆبایلەکە بەڵام وەکو بیرگە ناوخۆییەکە خێرا و توانست بەرز نییە.

پاتری ئەم نەوە نوێیەی ڕەیزەر فۆون ٤٠٠٠ ملی ئەمپێرە و پشتگیری لە خێرا بارگاویبوونەوە QuickCharge 4.0 دەکات. هەروەها ئەم مۆبایلە پشتگیری لە بارگاویکردنەوەی بێ تەل واتە Wireless Charging دەکات، بۆ ئەم تایبەتمەندیەش پشتەوەی مۆبایلەکە لەم نەوەیەدا لە شووشە دروستکراوە بەڵام بەشەکەی تری لە ئەلەمنیۆم دروستکراوە و بەرگەی ئاو و تۆز دەگرێت لە قوڵی ١ مەتر و تا ٣٠ خولەک، ئەمەش واتای وایە بڕوانامەی IP67 هەیە.

شایەنی باسە، لۆگۆی پشتەوەی مۆبایلەکە ڕووناکی هەیە واتە دادەگیرسێت. لەگەڵ مۆبایلەکە بیستۆکی توانست بە کەمکردنەوەی ژاوەژاوی USB-C ڕەیزەر هەیە. هیچ شوێنێکی بیستۆکی 3.5 ملمی نییە بەڵام دۆنگڵێکی بچوک لەگەڵ مۆبایلەکە هەیە بۆ ئەوەی لە USB-C بیکەیت بە Headphone Jack 3.5mm.

دوانە کامێرای پشتەوەی رەیزەر فۆون ٢ نوێیە و بە بێگومان چاکسازیان تێداکراوە و هەستەوەری نوێی سۆنی تێدا بەکارهاتووە. دانە سەرەکیەکەی ١٢ مێگاپێکسڵە بە تایبەتمەندی Dual Pixel AF و optical image stabilization (OIS). کامێراکەی تری لە جۆری Telephoto ـیە و ١٢ مێگاپێکسڵە.

توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی ئەم مۆبایلە 2kـیە بەڵام بە ٦٠ فرەیم لە چرکەیەکدا، و بوونی ڕوونی 1080p بە ١٢٠ فرەیم لە چرکەیەکدا بۆ ڤیدیۆیی هێواش. کامێرای سێلفی ئەم مۆبایلە بە نزیکی هەروەکو نەوەی پێش خۆیەتی و ٨ مێگاپێکسڵە، بەڵام توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆیی 1080p بە ٦٠ فرەیم هەیە لە چرکەیەکدا. سەرباری تایبەتمەندییەکانی سەرەوە، ڕەیزەر فۆون ٢ خاوەنی دوو بڵندگۆی ستریۆیە لە پێشەوەیدا، کە باوەڕپێکراون لەلایەن Dolby Atoms.

شایەنی باسە، مۆبایلەکە بە سیستەمی ئەندرۆید ٨.١ بەهێزکراوە و زۆر نزیکە لە ئەندرۆید خام. هەروەها ڕەیزەر بەڵێنی نوێکردنەوەی بۆ نوێترین وەشانی ئەندرۆید دووپاتکردۆتەوە.

داواکاری پێشوەختە لە ئەمڕۆوە بەردەستە بە نرخی ٨٠٠ دۆلار. هەروەها جۆرێکی تایبەت بەردەستە کە بە پێکهاتەی Satin ڕووپۆشکراوە و نرخەکەی ٩٠٠ دۆلارە.

سەرباری ئەوەی چەند پارچەی زیادەی وەکو Razer Wireless Charger بە نرخی ١٠٠ دۆلار بەردەستە. کەڤەری جۆری Leather و Kevlar بە نرخی ٤٠ دۆلار و ٥٠ دۆلار و بەرگری ڕوونما Screen Protectorـيش بە نرخی ٢٠ دۆلار بەردەستن.

سەرچاوە :
تاگەکان razer
بۆچونی تۆ