سامسۆنگ 11, تشرینی یه‌كه‌م 2018

سامسۆنگ یەکەم مۆبایلی خۆی بە 4 کامێراوە ڕاگەیاند

سامسۆنگ بە فەرمی پەردەی لەسەر  Galaxy A9 (2018) بە چوار کامێراوە لادا، کە ئەمەش بێگومان لەدوای ماوەیەکی کورت لە دەنگۆ و دزەپێکراوەکان دێت لەبارەی ئەم مۆبایلەوە. هەروەک دەبێتە یەکەم مۆبایل کە خاوەنی ٤ کامێرا بێت لەسەر بەشی پشتەوەی و دەبێتە ڕێگە خۆشکەر بۆ کردنەوەی بوارێکی نوێ لە جیهانی مۆبایلە زیرەکەکان.

پێدەچێت سامسۆنگ ویستبێتی بۆ یەکەمجار شتێکی نوێ لە جیهانی مۆبایلە زیرەکەکان ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی بۆ ماوەیەک لەسەر ڕێچکەیەک هەنگاو بنێ، بۆ نمونە شوێن ڕێچکەی سێ کامێرایی بکەوێت کە ماوەیەک لەمەوبەر لە A7 ئەنجامیدا.

گالەکسی A9ی ٢٠١٨ ڕوونماکەی ٦.٣ ئینجە لە جۆری سوپەر ئەمۆلێد، پڕۆسێسەری سناپدراگۆنی ٦٦٠ی هەشت ناوکی لەسەرە کە تایبەتە بە مۆبایلە ئاست مامناوەندەکان. ڕامی ئەم مۆبایلە بە بژاردەی ٦ و ٨ گێگابایتە و بیرگەی ناوخۆیی ١٢٨ گێگابایتە بۆ هەردوو جۆری ڕامەکەی، و لە ڕێگەی بیرگەی ئێس دی دەتوانرێت تا ٥١٢ گێگابایت زیادبکرێت.

سەرباری دیزاینێکی جوان و نزیک لە مۆبایلە ئاست بەرزەکانی سامسۆنگ، ئەم مۆبایلە پاتریەکی بەهێزی بە ٣٨٠٠ ملی ئەمپێر لەسەرە، کە پشتگیری لە بارگاوی بوونەوەی خێرا دەکات. هەروەک ئەم مۆبایلە پەنجە مۆر و کردنەوەی قوفڵی لەڕێگەی دەموچاو هەیە.

لە ڕاستیدا، ئەوەی گرنگە لەم مۆبایلە و جێگەی بایەخە چوار کامێراکەی پشتەوەیەتی. چوار هاوێنەی لەسەر پشتن بەم شێوەیەی خوارەوە لەسەرەوە دەست پێدەکەین:

  • لەسەرەوە هاوێنەیەکی فراوانی بە ڕوونی ٨ مێگاپێکسڵ هەیە بە کرانەوەی f/2.4.
  • دووەم هاوێنە لەسەرەوە ١٠ مێگاپێکسڵە و توانای زوومی بە 2X هەیە.
  • سێیەم هاوێنە کە سەرەکیەکەیە ٢٤ مێگاپێکسڵە و کرانەوەکەی f/1.7ـە، کە هەستەوەرێکی بەرزی لەسەرە بۆ ڕووناکی.
  • چوارەم هاوێنە ٥ مێگاپێکسڵە و کاری جەخت واتە فۆکەسە و پێدانی جوانی و ڕەونەقییە بە وێنە بۆ گونجانی لەگەڵ وێنەی پۆرترەیت.

شایەنی باسە، کامێرایەکی ٢٤ مێگاپێکسڵی لەسەر پێشەوەی هەیە بۆ گرتنی وێنەی قەشەنگی سێلفی و ئەمەش دەبێتە پێنجەم کامێرا لەسەر ئەم مۆبایلە.

سەبارەت بە نرخی ئەم مۆبایلە، پێدەچێت بە بەراورد بە مۆبایلە ئاست مامناوەندەکان نرخی بەرزتر بێت، بەهۆی ئەوەی ئەم مۆبایلە هەندێک تایبەتمەندی بەرزترن لە چاو مۆبایلەکانی هەمان ئاست و نرخی نزیکەی ٦٩٠ دۆلار دەبێت.

سەرچاوە :
تاگەکان Samsung
بۆچونی تۆ