فەیسبووک
15, تشرینی یەکەم 2018
سەکۆی یاری Fb.gg لە فەیسبووکەوە وەکو وەشانی تاقیکاری بۆ ئەندرۆید بەردەستکرا

مانگی حوزەیران (٦)ی ئەمساڵ، فەیسبووک بە فەرمی پەردەی لەسەر سەکۆی خۆی تایبەت بە یاریکردن لادا، ئەمەش لە پێناو هاوکاریکردنی یاریکەران (گەیمەران) تا بتوانن ئەزموونی خۆیان و توانای خۆیان لە یاریکردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بگوزانەوە. هەروەک ڕێگە خۆشکەریشە بۆ ئەوانەی سەرەتان لە یاریکردن تا ببینن ئەوانەی ئەزموونیان هەیە چۆن و بە چ شێوەیەک یاری دەکەن و ئەزموونیان لێ وەرگرن. بەڵام ئەم سەکۆیە لەسەرەتادا تەنها لەسەر کۆمپیوتەر بەردەست بوو و لەڕێگەی Fb.gg دەتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت.
خۆشبەختانە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو فەیسبووک بە فەرمی وەشانی تاقیکاری لەم سەکۆیە بۆ ئەندرۆید بەردەست کرد، لە ڕاستیدا لە ئێستادا تەنها لە فلیپین بەردەستە و لە ڕێگەی ئەپی Fb.gg دەتوانرێت سود لە سەکۆکە وەربگیرێت، کە خاوەنی ڕێژەیەک لە تایبەتمەندی سنوردارە.
لە ڕێگەی ئەم سەکۆیەوە دەتوانرێت ئەزموونی هەندێک یاری وەکو Everwing و Words with Friends و Basketball FRVR بکرێت. شایەنی باسە، ئەم سەکۆیەی فەیسبووک بۆ ڕکابەری یوتیوب و تویچ لەلایەن فەیسبووکەوە ڕاگەیاندرا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ئێستادا لە وەشانی تاقیکاریدا، ئەم سەکۆیە لەسەر ئەندرۆید چەند مانگێکی پێویستە تا ئەپەکە بە فەرمی بۆ گشت لایەک بەردەست دەکرێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!