10
ئای ئۆ ئێس 18, تشرینی یه‌كه‌م 2018

لە کۆتاییدا ئەدۆبی Photoshop CC بۆ ئایپاد نمایشکرد

وەشانی تەواوی ئەدۆبی فۆتۆشۆپ یەکێک بووە لەو ئەپانەی کە هەر لە یەکەم ئایپادەوە کە لە ٢٠١٠ ڕاگەیاندرا و تا ئەمڕۆ بەکارهێنەرانی چاوەڕوان و تامەزرۆیی بوون. لەم کاتەوە تا ئێستا کۆمپانیای تری ڕکابەری ئەدۆبی ئەپی جیاجیایان وەشاندووە بۆ ئایپاد بە هیوای ئەوەی ئەم کەلێنە پڕبکەنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بەکارهێنەرانی فۆتۆشۆپ و بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکانی Creative Cloud بۆ لای خۆیان ڕبکێشن. بەم بۆنەیەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر و لە کۆنگرەی ئەدۆبی ماکس لە لۆس ئەنجلس، ئەدۆبی وەڵامی بەکارهێنەرانی دایەوە و بۆ یەکەمجار وەشانی تەواوی ئەدۆبی فۆتۆشۆپ سی سی بۆ ئایپاد نمایشکرد.

[su_youtube url=”https://youtu.be/ccSBlU8YB90″]

لە کاتی نمایشەکە، ئەدۆبی جەختی لەوە کردەوە کە چۆن وەکو لەسەر کۆمپیوتەر کار لەگەڵ لەیەر و چینەکان دەکەیت، بەهەمان شێوەش لەسەر ئایپاد دەتوانیت لەگەڵ PSD کاربکەیت و مامەڵە لەگەڵ لەیەرەکان بکەیت و کاریگەری و دەستکاریکردنەکانی خۆت ئەنجام بدەیت. ئەمە و تێکهەڵکێشکردنی فۆتۆشۆپ سی سی لەگەڵ پێنوسی ئەپڵ کارەکانی دووجار ئاسانکردووە بۆ دەستکاریکردنی وێنە و سڕینەوە و دووبارەکردنەوەی تەنەکان.

هەروەک لەسەر کۆمپیوتەر، بە هەمان شێوە توڵباڕی تەواو و ڕووکاری پڕ لە ئامرازی فۆتۆشۆپ لەسەر ئایپاد هەیە، لەگەڵ هەموو بەشەکانی Adjustments و Filters و Masking و چەندان تایبەتمەندی تریش.

شایەنی باسە، ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەسەر ئایپادەکەت دەکەیت، ڕاستەوخۆ لەسەر کۆمپیوتەرەکەت لەڕێگەی Creative Cloud بەردەست دەبن. بەهۆی ئەوەی ئەپی فۆتۆشۆپ لەسەر ئایپاد و کۆمپیوتەر هەمان کۆدیان هەیە، ئەوا پێویست بە هیچ دەستکاری و گۆڕانکاریەک لە فایلە پی ئێس دیەکە ناکات کاتێک لەسەر کۆمپیوتەر دەیکەیتەوە.

بۆ ئەوەی وەشانی یەکەمی ئەدۆبی فۆتۆشۆپ سی سی بۆ ئایپاد بە زوویی بەردەست بکرێت، ئەوا لەسەرەتادا هەندێک لە تایبەتمەندییەکان بەردەست نابن بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گشتی لەڕێگەی نوێکردنەوە بە ئەپەکە دەگەن. لە ڕاستیدا ئەدۆبی هیچ کاتێکی دیاری نەکردووە کە کەی ئەو گۆڕانکاریانە بە فۆتۆشۆپ سی سی دەگەن لە داهاتوودا.

سەرباری وەشانی ئای ئۆ ئێسی فۆتۆشۆپ سی سی، وەشانی ڕوومێزی واتە دێسکتۆپی فۆتۆشۆپ سی سی کۆمەڵێک گۆڕانکاری پێ گەیشتوون، بۆ نمونە Content-Aware Fill و ئامرازێکی نوێ بەناوی Frame Tool بۆ ماسککردن و گەورە و بچووکردنی وێنەکان. ئەمانە و چەندین تایبەتمەندی تر بۆ فۆتۆشۆپ سی سی لەسەر کۆمپیوتەر بەردەستکراون. لەم بەستەرەوە لەسەر ماڵپەڕی ئەدۆبی دەتوانن تەواوی گۆڕانکارییەکان بخوێننەوە.

سەرچاوە :
تاگەکان Adobe Apple فۆتۆشۆپ
بۆچونی تۆ