ڕێنمایی
22, تشرینی یەکەم 2018
5 ڕێنمایی گرنگ پێش فرۆشتنی مۆبایلەکەت

ئەگەر بە نیازیت مۆبایلە زیرەکە کۆنەکەت بفرۆشیت یان بیکەیت بە جۆرێکی باشتر لە ڕووی تایبەتمەندی و توانستەوە، ئەوا چەند ڕێنماییەک هەیە پێش فرۆشتنی پێویستە لەبەرچاوی بگریت، بۆ ئەوەی سبەی دوای فرۆشتنی ڕووبەڕووی کێشە و پەشیمانی نەبیتەوە. ڕێنماییەکانیش بریتین لە:
- سەرەتا پێویستە زانیارییە کەسییەکانی خۆت بگوازیتەوە بۆ ئامێرێکی تر یان Backupـێکی لێ بگریت بۆ سەر بیرگەیەکی دەرەکی (External Hard Drive) یان خزمەتگوزاریەکی هەوری (Cloud Service).
- پێویستە مۆبایلەکەت بگەڕێنیتەوە سەر دۆخی سەرەتای کۆمپانیا، واتە فۆڕماتێکی بکەیت. ئەگەر مۆبایلەکەت ئەندرۆیدە ئەوا بە شێوەیەکی گشتی بەم شێوەیە دەکرێت. ئەم هەنگاوانە بگرە بەر: Settings > Advanced Settings > Backup and Reset > Factory data reset، ئەگەریش مۆبایلەکەت ئایفۆنە، ئەوا ئەم هەنگاوانە بگرە بەر: Settings > General > Reset > Erase All Content and Settings.
- پێویستە مۆبایلەکەت جوان پاک بکەیتەوە و لەگەڵ ئەو کەلوپەلەیشی لەگەڵیەتی، هەروەک پێویستە ئەو شوخت و پیسی و شێواویانەی هەیەتی بتوانیت لایان ببەیت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانیت بە نرخێکی گونجاوتر بیفرۆشیت.
- ئێستا هەنگاوی گرنگ ئەوەیە لە شوێنێکی گونجاو و باوەڕپێکراو مۆبایلەکەت بفرۆشیت، جا ئەم شوێنە فرۆشگایەکی سەرهێڵ بێت (کە ئەمە لە کوردستان کەمە) یان شوێنێک بۆ گۆڕینەوە و فرۆشتنی مۆبایل بێت ئاساییە، بەڵام دووپاتکردنەوە لە باوەڕپێکراوی ئەو شوێنە گرنگە.
- ئەگەر لەسەرهێڵ واتە ئۆنلاین دەیفرۆشیت ئەوا وا باشترە وێنەی مۆبایلەکەت بە شێوەیەکی جوان و سەرەنجڕاکیش بگریت تا کڕیار بە جوانی و ڕێکوپێکی مۆبایلەکە ببینێت و دەرئەنجامیش ببێتە هۆی فرۆشتنی مۆبایلەکە.
ئەمانەی سەرەوە گرنگترین خاڵەکان بوون پێش فرۆشتنی مۆبایلەکەت، ئەگەر تۆش خاڵێکی گرنگت لایە لە کۆمێنتەکان بینوسە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!