مۆبایل و تابلێت
1, تشرینی دووهم 2018
لینۆڤۆ بە فەرمی مۆبایلی Lenovo Z5 Pro بە بوونی Slider و پەنجەمۆری ژێر ڕوونماوە ڕاگەیاند

لە دوای هەڵمەتێکی ڕیکلامی بە درێژایی چەند هەفتەی ڕابردوو، ئەمڕۆ لینۆڤۆ بە فەرمی پەردەی لەسەر مۆبایلی Lenovo Z5 Pro لادا، کە لە زنجیرەی مۆبایلە ئاست مامناوەندەکانە و سکە واتە Sliderـی هەیە، کە لەم دواییە بوەتە شێوە دیزاینێکی بەربڵاو لە نێو کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی مۆبایل، بەتایبەتیش کۆمپانیا چینیەکان.
تایبەتمەندی دیاری ئەم مۆبایلە ڕوونماکەیەتی، کە ٦.٣٩ ئینجە بە ڕوونی FullHD، بە شێوەیەک کە بوونی سکە لە پشتەوەی مۆبایلەکە یارمەتیدەربووە لە لابردنی نۆچ و دانانی کامێرای سێلفی لەسەر سکەکە.
مۆبایلەکە بەهێزکراوە بە پڕۆسێسەری Snapdragon 710 و ڕامی ٦ گێگابایتە و دوو بژاردەی بۆ بیرگەی ناوخۆیی هەیە، ٦٤ گێگابایت و ١٢٨ گێگابایتن. بەداخەوە شوێنی بیرگەی دەرەکی نییە بۆ ئەوەی بەکارهێنەر توانای زیادکردنی بیرگەی هەبێت بۆ قەبارەیەکی زیاتر.
ئەم مۆبایلە خاوەنی چوار کامێرایە، دووانیان لەسەر پشتەوەیەتی بە ڕوونی ٢٤ مێگاپێکسڵ بۆ هاوێنەیەکیان و ١٦ مێگاپێکسڵ بۆ هاوێنەکەی تر، هەروەک دوو دانەش لە پێشەوەی هەیە بە ١٦ + ٨ مێگاپێکسڵ. هەروەها ئەم مۆبایلە خاوەنی پەنجەمۆر نییە لەسەر پشتەوەی بەڵکو لە ژێر ڕوونمایە لەسەر پێشەوەی مۆبایلەکە.
سیستەمی وەگەرخەری جێگیرکراو لەسەر ئەم مۆبایلە ئەندرۆید ٨.١ ئۆریۆیە و پاتریەکەی ٣٣٥٠ ملی ئەمپێرە. ئەمڕۆ داواکاری پێشوەختە بۆ کڕین دەستی پێکردووە، کە نرخەکەی نزیکە لە ٣٣٠ دۆلاری ئەمریکی.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!