ئەپڵ
5, تشرینی دووەم 2018
ئەپڵ دەیەوێت پشتگیری لە هێڵەکانی نەوەی پێنجەم 5G بکات بە هاتنی ساڵی 2020

ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە ئەپڵ لە ئێستادا کاردەکات لەسەر بەرهەمهێنانی چەند جۆرێکی نوێ لە ئایفۆنەکان بۆ پشتگیری کردن لە هێڵەکانی نەوەی پێنجەم بە هاتنی ساڵی 2020، لە ڕاپۆرتەکەدا کە بڵاوکراوەتەوە لە ڕێگەی Fast Company وا دیارە ئەپڵ پشت بە کۆمپانیای ئینتێل دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی مۆدێمەکانی 8161 کە دروستکراوە لە ڕێگای تەکنەلۆژیای 10 نانۆمەترەوە شایەنی باسە لە پێشووتردا ئەپڵ پشتی بەستبوو بە کوالکۆم و ئینتێل لە بەرهەمهێنانی ئەم مۆدێمانەدا.
لە ئێستاشدا کۆمپانیاکانی هێڵی مۆبایل ئامادەکاری دەکەن بۆ پشتگیریکردن لە مۆبایلەکان لە کاتی ڕاگەیاندنی هێڵی نەوەی پێنجەم 5G، لەم بارەیەشەوە دواکەوتنی ئەپڵ هەتاوەکو ساڵی 2020 دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان لەسەر ئەم مۆدێمە بە شێوەیەک تاقیکردنەوەکان دەریخستووە مۆدێمی 8060 بە شێوەیەکی زۆر وزەی پاتری مۆبایلەکان بەکاردەهێنێت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێویستبوونی توانستێکی زیاتری هێلەکە و لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مۆبایل.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.