ئاسایشی ئەلیکترۆنی
5, تشرینی دووەم 2018
فەیسبووک دووبارە هاککرایەوە و نامەی 81.000 بەکارهێنەریش لە لایەن هاککەرانەوە بازرگانی پێوە دەکرێت

وا دیارە هاککران و بردنی زانیاری بەکارهێنەران کۆتایی نایەت بەم زووانە و لە ئێستادا ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە بەکارهێنەرانی فەیسبووک ڕووبەڕووی هێرشێکی دیکە بوونەتەوە و زانیاریەکانیان لە مەترسیدایە، لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێکی BBC ئاشکرایکرد گفتوگۆی تایبەتی زیاتر لە 81.000 هەژمار بڵاوکراوەتەوە و لە ئێستادا مامەڵەی پێوە دەکرێت لە لایەن هاککەرانەوە، دزەپێکەرانیش ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە زانیاری 120 ملیۆن هەژماری بەکارهێنەری فەیسبووکیان لە لا بەردەستە و دەیانەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بازرگانی پێوە بکەن.
لە لایەکی دیکەوە فەیسبووک ئاماژەی بەوەدا هۆکاری ئەم دزەپێکردنە دەگەڕێتەوە بۆ زیادکراوە زیانبەخشەکانی هەریەک لە وێبگەڕەکانی گووگڵ کڕۆم و ئۆپێرا و فایەرفۆکس کە ڕێخۆشکەرە بۆ هاککەران هەتاوەکو بە ئاسانی زانیاریەکان دزە پێبکەن، لەم بارەیەشەوە فەیسبووک دڵنیاییدا بە بەکارهێنەران و وتیشی لە ئێستادا ڕێکاری زیاتر پەیڕەو کراوە بۆ پاراستنی کەسێتی بەکارهێنەران و پاراستنیان لە ڕووداوی لەم جۆرە، شایەنی باسیشە هەژمارە هاککراوەکان بەکارهێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەڕازیل و چەند ناوچەیەکی دیکە لە خۆدەگرێت.
نامەی هەژمارە هاککراوەکانیش لە ئێستادا لە لایەن هاککەرانەوە بازرگانی پێوە دەکرێت و بۆ هەر هەژمارێکیش پێویستە لە سەرت بڕی تەنها 10 سەنت بدەیت، سەرەڕای ئەوەش ماوەیەکی زۆر تێپەڕنەبووە بەسەر یەکەم هاککرانی تۆڕەکە و دزەپێکردنی زانیاری بەکارهێنەران لە ئێستاشدا وا دیارە نامەی 81.000 هەژماری بەکارهێنەری تۆڕەکە بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دزەپێکردنی زانیاری 176.000 بەکارهێنەری دیکە.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.