ئەپڵ
5, تشرینی دووەم 2018
فرۆشی iPhone XR لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەپڵدا نییە

نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر هەواڵ بڵاوبووەوە کە ٩ ملیۆن iPhone XR لە یەکەم کۆتایی هەفتەی بەردەستبوونیدا فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدا کە پێشبینی فرۆشی ١٠ ملیۆنی لێ دەکرا، لە ئێستاشدا وەک باس دەکرێت فرۆشی مۆبایلەکە نزمترە لەوەی ئەپڵ چاوەڕوانی دەکرد، بەپێی Nikkei Asian review ئەپڵ بە نیاز بووە بەرهەمهێنانی مۆبایلەکە زیاد بکات بەڵام پەشیمان بووەتەوە چونکە خواستی سەر مۆبایلەکە هێندە زۆر نییە کە ئەو کارە بکات.
فۆکسکۆن کە گەورەترین گرێبەستی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی iPhone XR تەنها ٤٥ هێڵی بەرهەمهێنان لە ٦٠ هێڵەکەی بەکاردەهێنێت بەهۆی کەمی خواست، بە پێی چەند سەرچاوەیەکیش کۆمپانیای پێگاترۆن کە لە پلاندابوو بەرهەمهێنان زیاد بکات ئێستا پلانەکەی ڕاگرتووە و ژمارەیەکی ئاسایی بەرهەم دەهێنێت، لە کۆتاییشدا کۆمپانیای ویسترۆن کە هیواخوازبوو خواستی مۆبایلەکە هێندە زۆربێت دوو کۆمپانیاکەی دیکە بە تەنها نەتوانن بڕی پێویست بەرهەم بهێنن و ئەپڵ پێویستی بە هاوکارییانبێت، لە ئێستادا بێهیوابوون لەو ڕووداوە.
لە لایەکی دیکەوە هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە XS Max بەردەوام فرۆشی زیاترە لە XS، هەروەها بەپێی هەواڵەکان ئەپڵ بەرهەمهێنانی iPhone 8 و iPhone 8 Plusی زیاد کردووەتەوە چونکە خواستی باشیان لەسەرە بەهۆی هەرزانی نرخیان.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.