ئەپڵ
6, تشرینی دووهم 2018
ئەنجامی تاقیکردنەوەکان ئاشکرایکرد ئایپاد پڕۆ 2018 خێراترە لە لاپتۆپەکان

لە میانەی کۆنگرەی ڕاگەیاندنی ئایپاد پڕۆ 2018 John Ternus جێگری بەڕێوبەری ئەپڵ بۆ کارە ئەندازیاریەکان ئاشکرایکرد کە ئامێرەکانی ئایپاد پڕۆ خێراترن بە ڕێژەی لە سەدا 92% بە بەراورد بە سەرجەم ئەو لاپتۆپانەی بەرهەمهێنراون لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا بە جۆرەکانی Core i7ـشەوە کە ناوبانگێکی زۆری هەیە و هۆکاری ئەم خێراییەشی بۆ پڕۆسێسەری هەشت ناوکی A12X Bionic گەڕاندەوە لەگەڵ بوونی چەند تایبەتمەندیەکی دیکەدا و لەگەڵ ئەوەشدا وا دیارە ئایپادە نوێیەکەی ئەپڵ توانای بەردەستکردنی گرافیکێکی هاوشێوەی گرافیکی ئامێری Xbox One S هەیە بە هۆکاری بوونی پڕۆسێسەرێکی گرافیکی حەوت ناوکی.

ئامێری ئایپاد پڕۆ لە سەکۆی Geekbenchـدا کە بۆ تاقیکردنەوەی توانستی ئامێرەکانە ئاستێکی نایابی تۆمارکردووە بە شێوەیەک ئایپاد پڕۆ جۆری ڕام 6 گێگابایت زیاتر لە 18000 خاڵی وەرگرتووە لە تاقیکردنەوەی فرە ناوکدا و لە تاک ناوکیشدا 5000 خاڵی تۆمارکردووە، سەبارەت بە بەراوردیش ئامێرەکانی ئایپاد پڕۆ توانای تۆمارکردنی هەمان خێرایی نەوەی حەوتەمی پڕۆسێسەری Intel Core i7 چوار ناوکی هەیە کە خێراییەکەی 4.2 گێگاهێرتزە و لەگەڵ ئەوەشدا نوێترین مۆبایلەکانی ئایفۆن توانیویانە لە تاقیکردنەوەی فرە ناودا زیاتر لە 11000 خاڵ بە دەست بهێنن بە واتای ئەوەی هەتاوەکو ئێستاش بە سەرکەوتوویی پێش سیستمی ئەندرۆید کەوتووەتەوە.
هەروەک ئاشکرایە لە وێنەکەی خوارەوەدا تۆماری تاقیکردنەوەی یەکەم پڕۆسێسەری 7 نانۆمەتری کە Kirin 980ـە لەسەر مۆبایلەکانی هواوەی لە فرە ناوک و تاک ناوکیشدا خاڵی زۆر کەمترە بە بەراورد بە پڕۆسێسەری A12X Bionic بە تەکنیکی 7 نانۆمەتر لەسەر ئایپاد پڕۆ.

هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.