10
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 8, تشرینی دووه‌م 2018

11 نهێنی شاراوەی ئینستەگرام بزانە

لە ئێستادا ئینستەگرام یەکێکە لە بەربڵاوترین تۆڕەکانی سەر ئینتەرنێت. بە شێوەیەک ڕۆژانە بە ملیۆنان بەکارهێنەر ڕووی تێدەکەن و وێنە و ڤیدیۆیی تێدا بڵاودەکەنەوە، هەروەها لە ڕێگەیەوە لەگەڵ هاوڕێیانیان گفتوگۆ و چات دەکەن. بەڵام زۆربەی بەکارهێنەران بە هەندێک لە بەشە گرنگ و زانیاریە شاراوەکانی ئەم تۆڕە ئاشنا نین. بەم بۆنەیەوە ١١ نهێنی شاراوەی تۆڕەکە و ئەپەکەی بۆ ئێوە دەخەینە ڕوو بە مەبەستی باشتر بەکارهێنان و سود وەرگرتنی لە ئاستێکی باشتر.

١- وێنە لە پێش و پاش دانانی فلتەر

زۆربەی کات کە لە ئەپی ئینستەگرام لە کاتی بڵاوکردنەوەی وێنەیەک فلتەر لەسەر ئەو وێنەیە دادەنێیت، دەتەوێت بزانیت پێش و پاش دانانی فلتەرەکە وێنەکە چۆنە. ئێمەش ڕاستەوخۆ دەگەرێینەوە ناو گەلەری مۆبایلەکەمان و لەوێ سەیری وێنە ئەسڵیەکە دەکەین. بەڵام تۆ نەتزانیوە کە لەو کاتەی فلتەرەکە جێگیر دەکەیت دەتوانیت لەسەر وێنەکە پەنجە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕابگریت و دەبینیت وێنەکەت پێش دانانی فلتەر پێشان دەدات و بە لابردنی پەنجە وێنەکەت بە فلتەرەوە پێشان دەدات.

٢- بەکارهێنانی فلتەری زیاتر

بێگومان لەگەڵ داگرتنی ئەپی ئینستەگرام کۆمەڵێک فلتەر خۆکارانە جێگیرکراون. بەڵام زانیوتە کە ئینستەگرام خاوەنی فلتەری زیاترە. بۆ چالاککردنیان پەنجە لە دوگمەی + بدە بۆ زیادکردنی وێنەیەک و پاشان بڕۆ بۆ بەشی دانانی فلتەر و لەوێ وەرە کۆتایی فلتەرەکان و پەنجە لە Manage بدە بۆ چالاککردنی ئەو فلتەرانەی ماون. وێنەکان زیاتر ڕوونی دەکەنەوە.

٣- بینینی ستۆریەکان پێش هەمووان

بێگومان گشت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بژاردەی چالاککردنی Notificationsـیان هەیە بۆ بڵاوکراوە و کۆمێنت و هەر شتێکی تر. ئەمڕۆش بە هۆی بەربڵاوی ستۆرییەکان خەڵکی ڕۆژانە ئارەزووی بینینی ستۆرییەکانی یەکتری دەکەن بەڵام دەبێت ئەپی ئینستەگرام بکەیتەوە و دانە دانە سەیریان بکەیت. ئەی چی ئەگەر تۆ بتەوێت هی چەند کەسێکی تایبەت لەگەڵ دانانی Notificationـت بۆ بێت لەگەڵ دانانی و پێش هەمووان بیبینیت. بەم بۆنەیەوە ئینستەگرام ڕێگەت پێدەدات بە چالاککردنی نۆتیفیکەیشن واتە ئاگاهی بۆ ئەو کەسە یان پڕۆفایلەی کە گرنگە بەلای تۆوە و دەتەوێت ستۆریەکەی پێش هەمووان ببینیت. بۆ ئەم مەبەستە بڕۆ بۆ پڕۆفایلی خوازراو و پاشان پەنجە بە سێ خاڵی لای سەرەوە دابگرە و پاشان Turn On Story Notifications دابگرە.

٤- سەیرکردنی ئامارەکانی هەژمارەکەت

لە ڕاستیدا پڕۆفایلی کەسی ئەم تایبەتمەندییەی نییە، بەڵام کە بیگۆڕیت بە Business Account کۆمەڵێک تایبەتمەندی بۆ پڕۆفایلەکەت بەردەست دەبێت. ئەگەر خاوەنی کارێکیت یان پڕۆفایلێکت هەیە کەسی نیە و دەتەوێت ئاگاداری ئامارەکانی بیت وا باشترە بیکەیتە Business Account و پاشان سود لە تایبەتمەندی Insights وەربگریت بۆ ئەوەی ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو سەردان و کارلێکانە بیت کە بەکارهێنەران لەگەڵ پڕۆفایلەکەت کردوویەتی.

٥- داگرتنی زانیارییەکانت لە ئینستەگرام

لە ڕێگەی بژاردەی داگرتنی زانیارییەکان لەسەر ئینستەگرام دەتوانیت داوای داگرتنی گشت ئەو زانیاریانە بکەیت کە ئینستەگرام سەبارەت بە تۆ دەیزانێت، لەوانە وێنەکان و ستۆری و پەیامەکان و کۆمێنتەکان و لایک و …هتد. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە لە ئینستەگرام بڕۆ بۆ Settings پاشان بڕۆ بۆ Data Download و ئینجا لەوێ ئیمەیڵێک بنوسە و داوای داگرتنەکە بکە. دوای ئەوە بە ئیمەیڵێک بە فایلێکی زیپ بۆت ڕەوانە دەکرێت.

٦- ناچالاککردن و شاردنەوەی دوایین دەرکەوتن Last Seen

ماوەیەکە ئینستەگرام تایبەتمەندی دوایین دەرکەوتنی بۆ تۆڕەکەی زیادکردووە، کە تایبەتمەندیەکی هاوشێوەی وەتسئەپ و تێلەگرام و مێسنجەرە. ئەگەر ناتەوێت هاوڕێیانت بزانن لەسەر هێڵێت و چەندێک دەبێت لەسەر هێڵ بوویت، ئەوا دەتوانیت ئەم تایبەتمەندیە ناچالاک بکەیت. بۆ ناچالاککردنی بڕۆ بۆ Settings و پاشان Activity Status و لەوێ Show Activity Status ناچالاک بکە.

٧- ئەو بابەتانەی کە لایکت کردوون

زۆرێکن لەوانەی ئەم تایبەتمەندیەیان نەبینیوە یان درکیان پێ نەکردووە. لە ڕێگەی Settings پاشان Posts You’ve Likes دەتوانیت ئەو پۆست و بابەتانەی کە پێشتر لایکت کردوون گشتی لەوێ ڕیزکراون.

٨- کەمتر بەکارهێنانی یەکەی ئینتەرنێت

ئەم تایبەتمەندییە بۆ کەمتر بەکارهێنانی ڕێژەی گێگابایت واتە یەکەی ئینتەرنێتەکەتە. ئەمە زیاتر کاتێک سودی هەیە بۆت ئەگەر ئینتەرنێتەکەت سنورداربێت و بتەوێت کەمتر یەکەی ئینتەرنێتەکەت بەکاربهێنێت. بۆ ئەم مەبەستە ئینستەگرام ئەم تایبەتمەندیەی بەردەست کردووە و لە ڕێگەی Settings پاشان Data Usage ئينجا Use less data چالاک بکە.

٩- چالاککردنی دوو هەنگاوی دڵنیاکردنەوە Two Factor Authentication

هەر وەکو فەیسبووک و گووگڵ و تویتەر و جگە لەوانەش، ئینستەگرامیش خاوەنی ئەم تایبەتمەندیەیەوە. لە ڕێگەیەوە دەتوانیت هەژمارەکەت زیاتر پارێزراو بکەیت چونکە دەتوانیت هەژمارەکەت لەگەڵ ژمارە تەلەفۆنەکەت ببەستیتەوە و لەگەڵ هەرجارێک چوونە ژوورەوە بۆ ناو ئینستەگرام کۆدێک بۆ ژمارە تەلەفۆنەکەت بێت ئینجا دوای تێنوسکردن واتە داخڵکردنی کۆدەکە بتوانیت بچیتە ژوورەوە. بۆ چالاککردنی ئەم تایبەتمەندییە لە Settings پاشان بچیتە Two Factor Authentication و لەوێ Text Message چالاک بکە و کۆدێکت بۆ دەنێرێت داخڵی بکە و بەم شێوەیە ئەم تایبەتمەندیە دەکەوێتە کار.

١٠- سەلماندنی هەژمار واتە داواکردنی سەحە شینەکە Blue Badge

لە ڕێگەی ئەم بەشەوە دەتوانیت داواکاری پێشکەش بە ئینستەگرام بکەیت بە مەبەستی بەدەست هێنانی باجی شین واتە سەحە شینەکە. لە ڕاستیدا لە دوای پێشکەش کردن مەرج نییە پێت ببەخشرێت چونکە بە هەموو کەسێک نابەخشن. بۆ ئەوەی داواکاری پێشکەش بکەیت پێویستە بچیتە Settings پاشان Request Verification، کە لەم بابەتە بە وردی باسکراوە، کرتە بکە بۆ کردنەوەی.

١١- دەربارەی ئەم هەژمارە About this Account

ئەم تایبەتمەندیە لەم دواییانە بەردەستکراوە و لە ڕێگەیەوە دەتوانیت بزانیت هەژماری مەبەست کەی دروستکراوە، لە چ وڵاتێکەوەیە، هەروەها هیچ جارێک ناوی گۆڕدراوە و … هتد. بۆ گەیشتن بەم بەشە دەبێت پڕۆفایلی مەبەست بکەیتەوە و پاشان سێ خاڵەکەی سەرەوە بەشی دەستە ڕاست دابگریت، ئینجا لە لیستەکە About this Account هەڵبژێرە بۆ بینینی زانیاریەکانی پڕۆفایلی دیاریکراو.

تاگەکان Instagram
بۆچونی تۆ