هەواڵ
8, تشرینی دووەم 2018
ڤیدیۆیەکی دزەپێکراو دیزاینی مۆبایلی Asus ZenFone 6 ئاشکرا دەکات

کۆمپانیای Asus لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایل MWC 2018 مۆبایلی Asus ZenFone 5Zـی ڕاگەیاند بە پڕۆسێسەری Snapdragon 845 و نرخێکی ئێجگار گونجاو کە 340$ دۆلارە لە ئێستاشدا کۆمپانیای ناوبراو کاردەکات لەسەر جێگرەوەیەک بۆ ئەم مۆبایلە و وا دیارە ئەم مۆبایلە نوێیەش ناوی Asus ZenFone 6 دەبێت، لەم بارەیەوە و لە ڕۆژی ڕابردوودا مۆبایلەکە لە ڤیدیۆیەکی دزەپێکراودا دەردەکەوێت و وا دیارە ڕوونماکەی هەڵگری نۆچ دەبێت بەڵام نۆچەکە شێوازێکی جیاوازی هەیە بە شێوەیەک جێگیرکراوە لە بەشی سەرەوە لە لای ڕاست و لەگەڵیشیدا کامێراکەی تێدا جێگیرکراوە.

سەرەڕای ئەوەی جێگای نۆچەکە گۆڕانکاری تێدا کراوە بەڵام شتەکانی دیکەی مۆبایلەکە وەک دەرچەی بیستۆک 3.5 ملم و دەرچەی USB Type-C و بڵندگۆ، ئاسایی وەک خۆیان ماونەتەوە و گۆڕانکاری لە شوێنەکانیان نەکراوە و سەبارەت بە بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە وا دیارە هەڵگری دوو کامێرا و فلاش LEDـیە لەگەڵ ئەوەشدا دیار نییە ئەو بەشەی ژێر کامێراکە شوێنی هەستەوەری پەنجەمۆرە یاخود نا.

هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.