سامسۆنگ 10, تشرینی دووه‌م 2018

سامسۆنگ مۆبایلی Galaxy W219 بە سناپدراگۆن 845 و دووانە کامێرا و دوانە ڕوونماوە ڕاگەیاند

ئەوەی دەیخوێنیتەوە ڕاستە و پێت سەیر نەبێت ٢٠١٨ـەیە و سامسۆنگ مۆبایلی شێوە دەفتەری بە تایبەتمەندی بەرزەوە ڕاگەیاند. بۆ ئەوانەی بەم زنجیرە مۆبایلە ئاشنان، ئەوا W219 دوایین مۆبایلی ئەم زنجیرەیەیە و وەکو نەوەی پێشتری تەنها لە چین بەردەست دەبێت، بەڵام بۆی هەیە لە هەندێک وڵاتی تریش بەردەست بێت، و نرخەکەی خۆی لە ٢٧٠٠ دۆلار دەدات.

مۆبایلەکە کێشی ٢٥٧ گرامە. دوو ڕوونمای ٤.٢ ئینجی بە ڕوونی 1080p لە جۆری ئەمۆلێد تێدا بەکارهاتووە، پڕۆسێسەری سناپدراگۆن ٨٤٥ و ٦ گێگابایت ڕامی هەیە. هەروەک بژاردەی ١٢٨ گێگابایت و ٢٥٦ گێگابایتی بۆ بیرگەی ناوخۆیی هەیە و شوێنی دەرچەی بیرگەی SD بۆ زیادکردنی بیرگە هەیە.

کامێرای پشتەوەی دوانەیە و هەریەکەیان ١٢ مێگاپێکسڵن و هەمان توانای کامێرای نۆوت ٩یان هەیە. پاتری مۆبایلەکە ٣٠٧٠ ملی ئەمپێرە و پەنجەمۆری لە تەنیشتە و کامێراکەی توانای گرتنی ڤیدیۆیی هێواشی بە ٩٦٠ وێنە هەیە لە چرکەیەکدا، و هەروەها پشتگیری لە دووانە سیمکاردیش دەکات. بەداخەوە، شوێنی بیستۆکی ئاسایی 3.5mmـی نییە. دەربارەی سیستەمی وەگەرخەر، مۆبایلەکە  ئەندرۆید ٨.١ی ڕاستەوخۆ لەناو پاکەتەوە لەسەر جێگیر کراوە.

بۆ ئەو نرخە زۆری، کە ١٨,٩٩٩ یوانە و نزیکەی ٢٧٣٢ دۆلار دەکات، سامسۆنگ هەندێک تایبەتمەندی تایبەت پێشکەش بە کڕیاران دەکات ئەوانیش پەیوەندی تایبەت لە کاتی بوونی کێشە و پاککردنەوە و چارەسەری نەرمەواڵەی (سیستەمی) خۆڕایی. هەروەک سامسۆنگ ساڵانە گۆڕینی ڕوونما و پاتری بەبێ بەرامبەر دوو جار پێشکەش بە کڕیار دەکات.

فرۆشتنی ئەم مۆبایلە لە ڕێگەی کۆمپانیای چاینا یونیکۆن لە سبەی ١١\١١ دەست پێدەکات و بە ڕەنگەکانی زێڕی گوڵی و پلاتینی بەردەست دەبێت.

 

سەرچاوە :
تاگەکان Samsung
بۆچونی تۆ