10
مۆبایل و تابلێت 10, تشرینی دووه‌م 2018

ڤیڤۆ بە فەرمی مۆبایلی X21S بە ڕوونمای AMOLED و پەنجەمۆری ژێر ڕوونما ڕاگەیاند

لە ماوەی ڕابردوودا چەند دزەپێکراو و دەنگۆیەکمان لەبارەی ئەم مۆبایلەوە بۆ ئێوە گواستەوە و بڵاوکردەوە. بۆ دواجار، ڤیڤۆ بە فەرمی پەردەی لەسەر مۆبایلی X21S لادا. پێش ئەوەی بە وردی باس لە تایبەتمەندیەکانی ئەم مۆبایلە بکەین، ئەوا ئەم مۆبایلە هاوشێوەی Vivo V11ـە لە ڕووی تایبەتمەندیەکان و هەمان دووری و هەمان پەنجەمۆری ژێر ڕوونما، تاکە جیاوازی بریتییە لە ڕەنگێکی نوێ کە پەمەیی تێکەڵاوە.

مۆبایلی ڤیڤۆ X21S خاوەنی ڕوونمایەکی جۆری ئەمۆلێدە بە قەبارەی ٦.٤١ ئینج و بە ڕوونی +FullHD، و پڕۆسێسەری هەشت ناوکی جۆری سناپدراگۆن ٦٦٠ بە خێرایی ٢.٢ گێگاهێرتز، و ڕامی ٦ گێگابایت. هەروەها بیرگەی ناوخۆیی ١٢٨ گێگابایتە بە بوونی شوێنی دەرچەی SD بۆ زیادکردنی بیرگە لە کاتی پێویستیدا.

سەرباری ئەوەی ئەم مۆبایلە لە ئاست مامناوەندەکان، بەڵام هێشتا خاوەنی پەنجەمۆری ژێر ڕوونمایە و تایبەتمەندی ناسینەوەی دەمووچاوی بە ناوی Face Access هەیە.

لەسەر ڕووی پشتەوەی ئەم مۆبایلە جووتە کامێرایەک هەیە، کە بۆ هاوێنەی یەکەم ١٢ مێگاپێکسڵە و بۆ هی دووەم ٥ مێگاپێکسڵە. ئەمە لە کاتێکدا کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکە ٢٥ مێگاپێکسڵە بە کرانەوەی ٢.٠.

ئەم مۆبایلە سیستەمی وەگەرخەری ئەندرۆید ٨.١ ئۆریۆی لەسەرە بە ڕووکاری FuntouchOS 4.5، هەروەها زیرەکی دەستکردی Javi تێدا بەکارهاتووە بە مەبەستی باشتکردنی توانستی سیستەم و بەکارهێنانی پاتری و توانای جێبەجێکردنی ئەپەکان.

بە شێوەیەکی گشتی مۆبایلەکانی ڤیڤۆ لەسەر ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیا لەسەر ئینتەرنێت دەفرۆشرێن. نرخی ئەم مۆبایلەش بە نرخێکە یەکسانە بە ٣٦٠ دۆلاری ئەمریکی. جێگای ئاماژەیە ٣٠٠ کڕیاری یەکەمی ئەم مۆبایلە دەسبەندێکی زیرەک وەردەگرن کە نرخەکەی نزیکەی ١٣ دۆلار دەبێت.

سەرچاوە :
تاگەکان Vivo
بۆچونی تۆ