10
چۆنییەتی 12, تشرینی دووه‌م 2018

چۆنیەتی چالاککردنی باری تاریکی لە سەرجەم ئەپەکانی گووگڵ

بێگومان هەموومان ئەپەکانی گووگڵ بە بەردەوامی بەکاردەهێنین و هەندێک لەو ئەپانەش وەک یوتیوب باری تاریک (Dark Mode)ـیان بۆ زیاد کراوە، هەروەها گووگڵیش لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی ڕوونکردەوە باری تاریک توانستی پاتریەکان بە ڕێژەی لە سەدا 60% دەپارێزێت لەو مۆبایلانەی خاوەنی ڕوونمای ئۆلیدن، هەر بۆیە ئەگەر تۆش ئەپەکانی گووگڵ بە بەردەوامی بەکاردەهێنیت ئەوا لەوانەیە پێویستت بە باری تاریک ببێت و ئێمەش لەم بابەتەدا چۆنیەتی چالاککردنی ئەم بارە لە گرنگترین ئەپەکانی گووگڵ بە ئێوەی خوێنەر ئاشنا دەکەین.

YouTube

لەسەر کۆمپیوتەر (وێب): وێنەی کەسێتیت دابگرە پاشان لە شریتەکەدا تێبینی هەڵبژاردەی باری تاریک یان Dark Mode دەکەیت.

لەسەر ئەندرۆید: وێنەی کەسێتیت دابگرە پاشان ڕێکخستنەکان، لەم بەشەدا تێبینی هەڵبژاردەی باری تاریک دەکەیت.

لەسەر ئای ئۆ ئێس: بە هەمان شێوەی ئەندرۆید بە داگرتنی وێنەی کەسیت و ڕۆشتن بۆ ڕێکخستنەکان هەڵبژاردەی باری تاریک دەبینیت.

Messages

لە ئەپی تایبەت بە نامەکان لەسەر ئەندرۆید لە بەشی سەرەوە لای ڕاست تێبینی سێ خاڵ دەکەیت و پاش داگرتنی تێبینی هەڵبژاردەی باری تاریک دەکەیت.

Google Keyboard

لە ئەپی تەختەکلیلی گووگڵ پێویستە ئایکۆنی ئیمۆجیەکان دابگریت پاشان دەچیتە بەشی ڕێکخستنەکان پاشان بەشی ڕووکار و دەبینیت لێرەدا دەتوانیت ڕووکاری تەختەکلیلەکە بۆ باری تاریک بگۆڕیت.

Google News

لە ئەپی هەواڵی گووگڵ بەشی ڕێکخستنەکان دادەگریت پاشان باری تاریک دادەگریت پاش ئەمە چەند هەڵبژاردەیەک دەردەکەوێت کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانیت ئەم بارە تایبەت بکەیت بە پێی شێوازی بەکارهێنانت بۆ ئەپەکە لەوانەش هەڵبژاردەی هەموو کات یان خۆکارانە یان پاراستنی پاتری یان هەرگیز.

Pixel Launcher

لە کاتێکدا خوودی ئەندرۆید پشتگیری لەم تایبەتمەندیە ناکات ئەوا لە ڕووکاری پیکسڵ بە دانانی پاشەبنەمایەکی تاریک خۆکارانە چەند بەشێکی دیاریکراوی ڕووکارەکە ڕەنگەکەیان تاریک دەبن وەک خۆگونجاندنێک لەگەڵ پاشەبنەماکە.

Google Map

باری تاریک لە ئەپی نەخشەی گووگڵ بە تەواوی تاریک نییە لە سەرجەم بەشەکانی ئەپەکە بەڵام گەر بتەوێت ئەم بارە تاقیبکەیتەوە ئەوا پێویستە لە سەرت بچیتە بەشی ڕێکخستنەکان پاشان هەڵبژاردنی ڕێکخستنەکانی جووڵە پاش ئەمە لە بەشی Map Display تێبینی چەند هەڵبژاردەیەک دەکەیت لە نێویاندا شەو یاخود تاریک.

Gmail (وێب)

لە ئەپی جیمەیڵ لەسەر مۆبایلەکان باری تاریک بەردەست نییە بەڵام دەتوانیت ئەم بارە چالاک بکەیت لەسەر وێب لە بەشی ڕێکخستنەکان پاشان هەڵبژاردنی ڕووکار پاش ئەمە دەبینیت کۆمەڵێک ڕووکار بەردەستکراون لەوانەش ڕووکاری تاریک.

Snapseed

ئەم ئەپە یەکێکە لە ئەپەکانی گووگڵ کە بەکاردەهێنرێت بۆ گۆڕانکاریکردن و زیادکردنی کاریگەری بۆ سەر وێنەکان، بۆ چالاککردنی باری تاریک لە ئەپەکە پێویستە بچیتە بەشی ڕێکخستنەکان پاشان Dark Theme و دواتر چالاککردنی.

تاگەکان Dark Mode google
بۆچونی تۆ