ئامێرە هەمەجۆرەکان
20, تشرینی دووهم 2018
ئامێرەکانی ئەمەزۆن ئەلێکسا پەیوەندی سکایپی دەنگ و ڕەنگیان بۆ بەردەستکرا

لە دوای ڕاگەیاندنی زنجیرەیەک لە بەرهەمەکانی بە شێوەی ڕیفێربشکراو، ئەمەزۆن و مایکڕۆسۆفت لە مانگی ٩ی ئەمساڵ ڕایانگەیاند کە لە کۆتایی ئەمساڵ پەیوەندی تەلەفۆنی سکایپ بۆ ئامێرەکانی ئەلێکسا بەردەست دەبێت. ئیتر، ئەمە بەرەو کۆتایی ساڵ دەڕۆین و ئەم کردارە لە ئەمڕۆوە بەردەستکراوە. دەتوانیت هەژماری سکایپەکەت بە ئامێرەکانی ئەلێکساوە لەڕێگەی ئەپی ئەلێکساوە ببەستیتەوە و پەیوەندی ئەنجام بدەیت.
بۆ ئەوەی ئەم کردارە لەسەر ئامێرەکانی ئەلێکسا ڕێکبخەیت، ئەپی ئەلێکسا لەسەر مۆبایلەکەت بکەرەوە و پاشان Settings، ئینجا Communication، پاشان Skype. لەم بەشەدا بە هەژماری سکایپەکەت دەتوانیت بچیتە ژوورەوە و ئیتر تەواو. ئێستا دەتوانیت فرمان بە ئامێری ئەلێکساکەت بکەیت و لەڕێگەی سکایپەوە پەیوەندی بە خەڵک و خزم و هاوڕێیانت بکەیت. ئەگەر ئامێرەکە ڕوونمای هەبێت ڕاستەوخۆ پەیوەندیەکە دەبێتە ڤیدیۆ و ئەگەریش نەیبێت ئەوا پەیوەندیەکە دەنگی دەبێت.
بێگومان پێشتر ئامێرەکانی ئەلێکسا توانای ئەو کردارەیان هەبوو بەڵام بۆ سکایپ بەردەست نەکرابوو، کە سەکۆیەکی گرنگە بەلای بەکارهێنەرانەوە. بۆیە بەردەستبوونی ئەم تایبەتمەندییە هاوکاری ئەمەزۆن دەکات کە بیکاتە خاڵێکی فرۆشتنی بەرهەمەکانی ئەلێکسا و لەڕێگەیەوە سەرەنجی بەکارهێنەران ڕابکێشێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!