ئای ئۆ ئێس 25, تشرینی دووه‌م 2018

5 نهێنی شاراوەی ئەپی Notes لەسەر سیستەمی iOS

بێگومان ئەپی تێبینیەکانی ئەپڵ ناسراو بە Notes یەکێکە لە پڕ بەکارهێنراوترین ئەپەکان لەسەر ئەو سیستەمە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن بەکارهێنەرانەوە بەکاردەهێندرێت. ئەم ئەپە کۆمەڵێک تایبەتمەندی نایاب لەخۆی دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند تایبەتمەندیەکی نهێنی و نایاب هەن کە کەم لە بەکارهێنەران درکیان پێکردوون و سودی ئەو تایبەتمەندیانە دەزانن. بۆ ئەوەی لەمەودوا سودی زیاتر لەو ئەپە وەرگریت، ئەوا لە خوارەوە ٥ لەو تایبەتمەندیە نهێنیانە بۆ ئێوە دەخەمەڕوو.

١- زیادکردنی تێبینی لە ڕێگەی یاریدەدەری کەسی سیری

هەرچەند ئەم تایبەتمەندییە پێویستی بە زانینی زمانی ئینگلیزییە بەڵام سودێکی زۆری هەیە کە بە ئاسانی دەتوانیت لە ڕێگەی گوزارشتی Hey Siri Take a note، تێبینی بۆ ناو ئەپەکە زیاد بکەیت.

٢- زیادکردنی قەدبڕی Shortcutـی ئەپی Notes بۆ Control Center

ئێمە ناوەندی دەست بەسەرداگرتن Control Center زۆر بەکاردەهێنن بۆ چالاککردن و ناچالاککردنی زۆربەی کردارەکان یان کردنەوەی ئەپەکان. بۆ نمونە، چالاککردنی وایفای و ناچالاککردنی یان کردنەوەی ئەپی ئاگادارکردنەوە Alarms. لە ڕاستیدا، Control Center جگە لەو چەند کردارەی لە بنچینەدا چالاککراون دەتوانیت هی تریشی بۆ زیاد بکەیت. بۆ نمونە ئێمە ئەپی Notesـی بۆ زیاد دەکەین. لە وێنەکەوە ڕوونکراوەتەوە.

٣- قوفڵدانی تێبینییەکانت بە ژمارەی نهێنی یان پەنجەمۆر یان ناسەرەوەی دەموچاو Face ID

بێگومان زۆرجار هەیە زانیاری هەستیار لەناو ئەپی تێبینیەکان تۆماردەکەین، لەبەرئەوە پێویستە قوفڵیان بدەین و جگە لە خۆمان کەسی تر نەتوانێت بیانکاتەوە. ئەپی نۆوتسی ئەپڵ ئەم تایبەتمەندیەی هەیە و ئاسایی دەتوانیت هەر تێبینیەکت بوێت قوفڵی بکەیت. بۆ ئەوەی تێبینیەک قوفڵ بدەیت، پێویستە بچیتە ناو تێبینیەکە و پاشان پەنجە لە دوگمەی Share لە بەشی سەرەوەی تێبینیەکە بدەیت و پاشان Lock A Note هەڵبژێرە، دواتر ژمارەی نهێنی یان پەنجەمۆر یان ناسەرەوەی دەموچاو Face ID چالاک بکە. وێنەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری تێدایە.

٤- هاوبەشیکردنی تێبینی لەگەڵ کەسانی تردا

ئەمە زۆر گرنگە کاتێک دەتەوێت لەگەڵ هاوڕێیەکت ئاسایی تێبینیەک بە یەکەوە بنوسن لە دوورەوە. ئەمەش بۆ زۆر کردار سودی خۆی هەیە. لەوانەیە پێش چوونە بازاڕ بتانەوێت لیستێک بە یەکەوە بنوسن یان تێبینیەک بۆ ئامادەکردنی سێمینارێک و چەندان کرداری تریش. جا بۆ ئەوەی تێبینیەک لەگەڵ هاوڕێیەک یان کەسێک هاوبەشی پێ بکەیت، ئەوا پێویستە پەنجە لە دوگمەی Share بدەیت و یەکێک لەو ڕێگایانەی کە لە وێنەکە دیارە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ کەسی بەرامبەر هاوبەشی بکەیت. بۆ نمونە لە ڕێگەی پەیامی ئاسایی یان ئیمەیڵ یان بەستەر یان تویتەر یان فەیسبووک … هتد.

تێبینی: تێبینی قوفڵکراو ناتوانرێت هاوبەشی پێ بکرێت لەگەڵ بەرامبەرەکەت.

٥- ڕێکخستنی تێبینیەکان لە ناو فۆڵدەرەکاندا

بێگومان بە هۆی زۆری تێبینیەکان پێویستە هەموویان بخەینە فۆڵدەری دیاریکراو بە گوێرەی ناوەڕۆکەکەیان. بۆیە ئەگەر تێبینیەکی زۆرت لەناو ئەپەکە هەیە، ئەوا لە ڕێگەی فۆڵدەرەکانەوە ڕێکیان بکە.

ئێستا لەسەر ڕووی سەرەکی ئەپی Notes و دءیمەنی پێشاندانەکە بگۆڕە بۆ Folder View. پاشان پەنجە لەسەر New Folder  لێبدە بۆ دروستکردنی فۆڵدەرێکی نوێ و پاشان ناوێکی بە پێی خواستی خۆت لێ بنێ. پاشان لە لیستەکە دەردەکەوێت و لە ڕێگەی Editـەوە دەتوانیت تێبینیەکان بجوڵێنیت بۆ ناو فۆڵدەری مەبەست.

بۆچونی تۆ