10
هەواڵ 29, تشرینی دووه‌م 2018

ئامێری Nintendo Switch پڕفرۆشترین بووە لە ڕۆژی Cyber Monday

بێگومان لە بۆنەکانی Black Friday و Cyber Mondayـدا نرخی کاڵاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو داشکاندنیان بۆ دەکرێت ئەمەش وا دەکات بەکارهێنەران ڕووبکەنە ئەو کاڵایانەی کە لە پێشووتردا بە لایانەوە نرخێکی زۆری هەبووە، لەم بارەیەشەوە وا دیارە کۆمپانیای Nintendo بە شێوەیەکی باش سوودی لەم هەلە وەرگرتووە چونکە بە پێی Adobe Analytics ئامێری Nintendo Switch پڕفرۆشترین ئامێر بووە لە ڕۆژی یاخود بۆنەی Cyber Monday.

بە پێی هێڵکاریەکان ئامێری Nintendo Switch تاکە ئامێری یاریکردنە کە توانیویەتی بچێتە لیستی پێنج لە پڕفرۆشترین کاڵاکان لە ڕوژی Cyber Monday، ئەمەش لە کاتێکدایە هەردوو کاڵای تایبەت بە منداڵان Fingerlings و L.O.L Surprise پلەی یەکەم و دووەمیان داگیرکردووە و ئامێری Nintendo Switchـش پلەی سێیەمی تۆمارکردووە، لە پاش ئەمانیش کۆمپیوتەرەکانی Apple و Dell لە پلەی چوارەمدا دێت و لە پلەی پێنجەمیشدا تەلەفیزیۆنەکانی کۆمپانیای LG دێت.

سەبارەت بە فرۆشەکانی ئامێری Nintendo Switch لە ڕۆژی Cyber Monday ئەوا ڕێژەیەک یاخود ژمارەی یەکە فرۆشراوەکان ئاشکرا نەکراوە بەڵام بە پێی ئەوەی ئەم ئامێرە توانیویەتی بگاتە پێنج لە پڕفرۆشترین کاڵاکان ئەوا بە دڵنیایەوە فرۆشێکی گەورەی بووە، هەروەها ئاماژەش بەوە دراوە کە ئامێرەکانی Pokemon: Let’s Go پلەی چوارەمی تۆمارکردووە لە ڕووی فرۆشەوە لە ڕۆژی Black Friday، هەر بۆیەش هەتاوەکو ئێستا فرۆشی ئامێری Nintendo Switch بە ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە توانیویەتی فرۆشی ئامێری Nintendo Wii U بە درێژایی بەردەستبوونی لە بازاڕەکاندا تێبپەڕێنێت.

تاگەکان Nintendo Switch
بۆچونی تۆ