ئەپڵ
30, تشرینی دووه‌م 2018
ئایفۆن XR پڕفرۆش‌ترین ئایفۆن بووه له ساتی بهردهستكردنیهوه تاوه‌كو ئێستا

لە ماوەی ڕابردوودا، چەند جارێک هه‌واڵی لاوازی فرۆشی ئایفۆنه نوێیه‌كان (XR, XS, XS Max) ـمان بە شێوەی جیاجیا بیست و ئێمەش لە چەند هەواڵێک ئاماژەمان پێ‌کرد، بۆ نمونە، یه‌كێک له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی ئایفۆن XR له ژاپۆن بۆ كه‌می خواستی گەڕێندرایەوە. به‌ڵام جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ “Greg Joswiak” له‌چاوپێكه‌وتنێكی میدیای CNET دا گشت هه‌واڵ و پڕوپاگه‌نده‌كانی لاوازی فرۆشی ئایفۆن XR یی رەتکردەوە و ڕایگه‌یاند ئایفۆنه‌كه پڕفرۆش‌ترین ئایفۆن بووه له ساتی بهردهستبوونیەوە.
شایەنی باسە، له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی Greg Joswiak دا بۆ CNET كه به‌بێ هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ک بوو ڕایگه‌یاند:
“ئایفۆن XR له ساتی به‌رده‌ست بوونیه‌وه تاوه‌كو ئێستا پڕفرۆش‌ترین ئایفۆنی سه‌رجه‌م ڕۆژه‌كان بووه”
هه‌روه‌ها Greg Joswiak له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند ئه‌پڵ بۆ پشتگیریكردن له ڕۆژی جیهانی نه‌خۆشی ئایدز بڕی ١ دۆلار بۆ توشبووانی نه‌خۆشییه‌كه ده‌به‌خشێت له ڕێگای ئه‌نجامدانی هه‌ر كڕینێكهوه كه له لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانه‌وه ئه‌نجام بدرێت له Apple Pay، ئه‌پ ستۆر و خزمه‌تگوزارییه سهرهێڵییهكانی تری ئه‌پڵه‌وه.
هەر لەبەرئەوەی Greg Joswiak پله‌یه‌كی به‌رزی له نێو كۆمپانیای ئه‌پڵدا هه‌یه، چاوه‌ڕوان ناكرێت قسه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئایفۆن XR ناڕاست بێت و جێی متمانه نه‌بێت. بەڵام داهاتوو ئەم ڕاستییە زیاتر ڕوون دەکاتەوە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.