کۆمپیوتەر
5, كانونی یهكهم 2018
نەوەیەکی نوێی لاپتۆپی Razer Blade Stealth ڕاگەیەندرا

نەوەیەکی نوێی لاپتۆپی Razer Blade Stealth ڕاگەیەندرا و بۆ یەکەم جار زنجیرەی Stealth گرافیک کاردێکی دەرەکی لەخۆدەگرێت.

لاپتۆپە نوێیەکە خاوەن پڕۆسێسەری Core i7-8565Uە و بە هەردوو گرافیکی ناوەکی Intel UHD 620 و دەرەکی Nvidia Gefore MX150 بەردەستە، شایەنی باسیشە جۆری ٢٥ وات لە گرافیک کاردەکەی Nvidia بەکاردەهێنێت نەوەک جۆری ١٠ وات کە لە زۆر لاپتۆپ بەکارهاتووە و لاوازترە.

ڕوونمای لاپتۆپەکە ١٣.٣ ئینجە و بە هەردوو ڕوونی Full HD و 4Kی لەمس بەردەستە، لێوارەکانی چواردەوری زۆر بچوکن و کامێرای لاپتۆپەکە تایبەتمەندی Windows Helloی هەیە بۆ ناسینەوەی ڕووخساری بەکارهێنەر، فراوانی پاتری لاپتۆپەکە ٥٣.١ وات.کاتژمێرە و تەختەکلیلەکەی لە جۆری RGBیە.

هەرچەندە لاپتۆپەکە کێشی تەنها ١.٢٨ بۆ ١.٣٨ کیلۆگرامە بەپێی تایبەتمەندییەکان و تەنها ١٤.٨ میللی مەتر ئەستوورە بەڵام ژمارەیەکی باش دەرچەی هەیە، ٢ دەرچەی USB-Type A و ٢ دانەی Type C کە دانەیەکیان لە جۆری Thunderbolt 3ە.
کاردی وایفای لە جۆری Intel 9560 و بلوتوث ٥ و چوار بڵندگۆی ستێریۆ کۆمەڵێکی دیکەن لە تایبەتمەندییەکان.
لاپتۆپەکە تەنها بە ڕەنگی ڕەش بەردەستە و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان نرخی بەم شێوەیەیە.
١٣٩٩ دۆلار بۆ ڕوونمای FHD و گرافیکی ناوەکی و ٨گب ڕام و ٢٥٦گب SSD لە جۆری Sata
بە ١٥٩٩ دۆلار گرافیکەکەت بەرز دەکەیتەوە بۆ گرافیکی دەرەکی و ڕامەکەت دەکەیتە ١٦گب و SSDیەکەت دەبێتە جۆری PCIe
بە ١٨٩٩ دۆلار ڕوونماکەت بەرز دەبێتەوە بۆ 4Kی لەمس و SSDیەکەت دەبێتە ٥١٢گب
سەرچاوە :
- notebookcheck.net
- razer.com
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.