10
مایکرۆسۆفت 6, كانونی یه‌كه‌م 2018 بۆچوون

فەرمی: وێبگەڕی Edge دەبێتە وێبگەڕێکی بچینەکراو لەسەر پڕۆژەی سەرچاوەکراوەی Chromium

دەنگۆکان ڕاست دەرچوون، مایکڕۆسۆفت دەیەوێت وێبگەڕی ئێج ڕێکبخاتەوە لەسەر وێندۆز ١٠ و بنچینەی بکات بە پڕۆژەی سەرچاوەکراوەی کڕۆمیەم Chromium.  بەرپرسی باڵای مایکڕۆسۆفت، Joe Belfiore، ڕاگەیاندنە گەورەکەی ڕاگەیاند و ڕوونی کردەوە و دەیانەوێت گونجاوی زیاتری وێب بۆ بەکارهێنەران بەردەست بکەن و پەرت و بڵاوی کەمتربکەنەوە بۆ تەواوی پەرەپێدەرانی وێب.

ئێستاش ئەو ئاڵوگۆڕە دەستی پێکرد، Belfiore ئاماژەی بەوە کرد کە مایکڕۆسۆفت دەیەوێت ببێتە بەخشەرێکی دیاری پڕۆژەی سەرچاوەکراوەی کڕۆمیەم، کاری باشتر بکات تا هەموو ئەو وێبگەڕانەی پشت بەستوون بە کڕۆمیەم لەسەر ویندۆز ١٠ باشتر کاربکەن. هەروەها، بەشداریکردنی مایکڕۆسۆفت دەبێتە پاڵپشتی بۆ هەنگاونان بەرەو باشتربوونی وێب لەسەر ئەو ئامێرانەی ویندۆز کە ARMـن.

بێگومان ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی ئەوەی باشتر کارکردنی ئێج لەگەڵ ئەو ماڵپەڕانەی کە بۆ گووگڵ کڕۆم و هەموو ئەو وێبگەرانەی بنچینەکراون بە کڕۆمیەم. بۆ پەرەپێدەرانیش چیتر پێویست نابێت ماڵپەڕەکانیان تایبەت بۆ ئێج بگونجێنن.

مایکڕۆسۆفت پلانی وایە لە ساڵی داهاتووەوە ئەم گۆڕانکارییە ئەنجام بدات، بۆ بەکارهێنەرانی ئاساییش کەمتر هەستپێکراو دەبێت. Belfiore گوتی ئەم گۆڕانکارییە هەلێکە بۆ مایکڕۆسۆفت تا وابکات ئێج خێراتر گەشەبکات و بەرەوپێش بچێت، هەروەها ئاسانتریش بێت کە وێبگەڕەکە بۆ ماک بەردەست بکات.

شایەنی ئاماژەیە، دووبارە داڕشتنەوەی ئێج بۆ ویندۆز ١٠ کاتی پێویستە و بەرپرسی ناوبراو هیچ ئاماژەیەکی بە کاتی دیاریکراو نەکرد بۆ بەردەست بوونی. ئەمە هەرچەندە وەشانی تاقیکاری بۆ بەشداربووانی Windows Insider لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە بەردەست دەبێت، مایکڕۆسۆفت پێشتر پەرەپێدەرانی بانگهێشتکردووە بۆ ئەوەی خۆیان تۆماربکەن بۆ پڕۆگرامەکە و بتوانن ماڵپەڕەکانیان لەسەر وێبگەڕە نوێکە تاقی بکەنەوە.

لێدوانت چییە لەهەمبەر ئەو هەنگاوەی مایکڕسۆفت لە بنچینەکردنی ئێج لەسەر پڕۆژەی سەرچاوەکراوەی کڕۆمیەم؟ پێتوایە ناچاربوو یان نا؟ لە کۆمێنتەکان ڕای خۆت دەرببڕە.

 

تاگەکان Chromium Edge microsoft
بۆچونی تۆ