شاومی
7, كانونی یهكهم 2018
شاومی بە نیازە مۆبایلێک بە کامێرایەکی 48 مێگاپێکسڵی لە سەرەتای ساڵی داهاتوو نمایش بکات

شاومی لە ئامادەکاریدایە بۆ نمایشکردنی مۆبایلێکی زیرەک کە کامێراکەی ٤٨ مێگاپێکسڵ دەبێت، ئەمەش بەپێی ئەو وێنەیەی بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دامەزرێنەری شاومی، لین بین، بڵاویکردووەتەوە.
شاومی، کە لە ماوەی ڕابردوو بە خێرایی لە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینوە، لەسەرەتای ئەمساڵ بەشێکی گرنگ و تایبەتی لە بواری پەرەپێدانی کامێرا کردەوە، و وا پێدەچێت کە لە کۆتاییدا بەرهەمەکەی ئەم بەشە تازەیە ببینن و لە مۆبایلێکدا بەم زووانە نمایش بکرێت.
لە وێنەیەکدا کە لەلایەن بەرپرسانی شاومی بڵاوکراوەتەوە، دیارە بەشی پشتەوەی مۆبایلەکەیە و بە ڕوونی ٤٨ مێگاپێکسڵ نوسراوە و بەشێکی کامێرای پشتەوەی دیارە. لین بین دەڵێت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک مۆبایلەکەی بەکارهێناوە و پێی وایە بێ کێشەیە.
شایەنی باسە، کۆمپانیای تریش لە ڕابردوودا مۆبایلی هاوشێوەیان بەو ڕێژە زۆریەی مێگاپێکسڵەوە ڕاگەیاندووە، بۆ نمونە Nokia 808 PureView لە کۆندا و Huawei Mate 20 Pro لەم دواییانەدا.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، لە مانگی ٧ی ئەمساڵ، سۆنی هەستەوەری ٤٨ مێگاپێکسڵی Sony IMX586 ڕاگەیاندن و هەروەها سامسۆنگیش هەستەوەری Bright GM1 لە مانگی ١٠ نمایشکرد.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!