ئەپ و نەرمەکاڵا 16, كانونی یه‌كه‌م 2018

6 ئەپ و یاری نوێی ئەم هەفتەیە بۆ مۆبایلی ئەندرۆیدەکەت دابگرە

هەموو ڕۆژێک و بەردەوام ئەپ و یاری نوێ بۆ کۆگای گووگڵ پلەی زیاد دەبێت ئەمانەی خوارەوەش باشترینەکانی ئەم هەفتەیەن.

Cover: Auto NSFW Scan & Secure Private Gallery

ئەم ئەپە بە پشت بەستن بە تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد هەڵدەستێت بە شاردنەوەی وێنە نەشیاوەکانی نێو مۆبایلەکەت و ڕاستەوخۆش دەیانگوێزێتەوە بۆ نێو ئەپەکە و پاشانیش بە تەنها لە ڕێگەی تێپەڕە وشەوە دەتوانیت دەستت پێیان بگات لەگەڵ ئەوەشدا و لە ئەپەکانی گفتوگۆکردنیشدا ئەگەر وێنەیەکی نەشیاوت بۆ نێردرا ئەوا ڕاستەوخۆ دەشاردرێنەوە.

Plus Beat

ئەپێکی بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی فلاشی ئاگادارکەرەوەیان نییە بە شێوەیە لە ڕێگای ئەپەکەوە دەتوانیت ڕووناکی ڕەنگی ئاگادارکەرەوەکە بگۆڕیت لە کاتی پێگەیشتنت بە نامەیەک یاخود ئاگادارکەرەوەیەک.

(Cerberus Child Safety (Kids

ئەپێکی زۆر بەسوودە بۆ پاراستنی منداڵەکانت، لە ڕێگای ئەپەکەوە دەتوانیت شوێنی منداڵەکانت بزانیت لەسەر نەخشە ئەمەش لە هەر کاتێک کە پەیوەستی ئینتەرنێت بن لەگەڵ ئەوەشدا ئەپەکە زانیاریت پێدەدات لە بارەی ئەو ئەپانەی کە منداڵەکەت بە شێوەیەکی زۆر بەکاریدەهێنێت، ئەمانە دەتوانیت ئەنجامیان بدەیت لە ڕێگای داگرتنی ئەپەکە لەسەر مۆبایلی منداڵەکەت پاشان دروستکردنی هەژمارێک و چوونە ژوورەوەش لە ڕێگایەوە، شایەنی ئاماژە پێدانیشە ئەپەکە هەتاوەکو ئێستاش لە وەشانی تاقیکاریدایە.

Bottom Quick Settings

لەوانەیە مۆبایلەکەت گەورە بێت و بەلاتەوە ئاسان نەبێت شریتی ئاگادارکەرەوەکانی سەرەوەی مۆبایلەکەت ڕابکێشیت بۆ خوارەوە هەر بۆیە لە ڕێگای ئەم ئەپەوە دەتوانیت لە خوارەوەی مۆبایلەکەت کاتێک ڕایدەکێشیت لە خوارەوە بۆ سەرەوە ئەوا شریتی ئاگادارکەرەوەکان لە بەشی خوارەوەی مۆبایلەکەت دەردەکەوێت.

WiFi ARCore

ئەگەر مۆبایلەکەت پشتگیری لە تەکنەلۆژیای AR دەکات ئەوا دەتوانیت لە ڕێگای ئەم ئەپەوە بزانیت چ شوێنێکی ماڵەکەت باشترینە بۆ هێڵی ئینتەرنێتەکەت.

Nav Explorer – Wear OS Wireless File Transfer

لە ڕێگای ئەم ئەپەوە دەتوانیت بە ئاسانی بەشداری بە فایلەکانی نێو مۆبایلەکەت بکەیت لەگەڵ ئەو کاتژمێرە زیرەکانەی کاردەکەن بە سیستمی وەگەڕخەری Wear OS ئەمەش لە ڕێگای بلوتوس یاخود وای فایەوە ئەنجام دەدرێت.

تاگەکان ئەندرۆید
بۆچونی تۆ