10
سامسۆنگ 17, كانونی یه‌كه‌م 2018

کەلێنێکی ئاسایشی ڕێگە بە هاککەران دەدات دەست بگرن بەسەر هەژماری بەکارهێنەرانی ماڵپەڕی سامسۆنگ

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لێکۆڵەرە ئاسایشیەکان کەلێنێکیان ئاشکرا کرد کە لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیای سامسۆنگدا بوونی هەبووە و لە ڕێگایەوە هاککەران دەیانتوانی بە بەکارهێنانی بەستەرێکی ساختە بە تەواوی دەستیان بگات بە هەژماری بەکارهێنەرانی ماڵپەڕەکە، لەم بارەیەوە کۆمپانیای سامسۆنگ لە ماوەی ئەم مانگەدا و لە لایەن لێکۆڵەری ئاسایشی بە ڕەگەز ئۆکرانی Artem Moskowskyـەوە ئاگادار کرایەوە لە بارەی بوونی کەلێنێکی لەو جۆرە لە ماڵپەڕەکەدا.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی ZDNet ئەم جۆرە کەلێنە لە ناو هاککەراندا بەربڵاوترینە و لە ڕێگایەوە هاککەر دەتوانێت فێڵ لە وێبگەڕی بەکارهێنەر بکات و کۆمەڵێک کۆدی شاراوە کارپێبکات لەو کاتانەی بەکارهێنەر سەردانی نێو ماڵپەڕەکان دەکات و تێپەڕە وشەی تایبەت بە هەژمارەکەی خۆی تێدا داخڵ دەکات، دیاریکراوتر بڵێین Artem Moskowsky توانی سێ کێشە لە ماڵپەڕەکەدا بدۆزێتەوە یەکەمیان لە ڕێگایەوە هاککەر دەیتوانی دەستکاری زانیاریە کەسێتیەکانی هەژماری بەکارهێنەرەکە بکات.

سەبارەت بە کێشەی دووەم، ئەوا ڕێخۆشکەر بوو بۆ لە کارخستنی بژاردەی two-factor authentication، کێشەی سێیەمیش لە ڕێگایەوە دەتوانرا گۆڕانکاری بکرێت لە پرسیارە ئاسایشیەکان واتە Security questions، ئەمەش وا دەکات بە تەواوی دەست بەسەر هەژمارەکەدا بگیرێت، بە هەر حاڵ خۆشبەختانە سامسۆنگ پاش ئاگادارکرانەوەی لە بارەی کەلێنەکە ڕاستەوخۆ کەلێنەکەی داخست و بڕی 13300 دۆلاری ئەمریکی وەک دەستخۆشی پێشکەش بە لێکۆڵەری ئاسایشی Artem Moskowsky کرد.

تاگەکان سامسۆنگ
بۆچونی تۆ