مایکرۆسۆفت
19, كانونی یهكهم 2018
لە دوای ماوەیەک لە کێشە و گرفت، مایکڕۆسۆفت بە فەرمی وەشانی Windows 10 October 2018 بۆ گشت لایەک بەردەستکرد

مایکڕۆسۆفت چەند کێشە و گیروگرفتێکی ویندۆز ١٠ـی چارەسەرکردووە کە ڕێگربوو لە داگرتنی وەشانی October 2018 Update لەسەر کۆمپیوتەرەکان. گەورە کۆمپانیای بواری نەرمەواڵە، مایکڕۆسۆفت، لە مانگی ڕابردوودا ئەم وەشانەی دووبارە بڵاوکردەوە، کە ئەمە لە دوای یەکەم وەشانی دێت لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ بە هۆی کێشەی خۆکارانە سڕینەوەی پەڕگەی بەکارهێنەران لە دوای بەرزکردنەوەیان بۆ ئەم وەشانە. ئیتر مایکڕۆسۆفت لەو کاتەوە کاری لەسەر کردووە و دڵنیایی کردووەتەوە کە گشت لایەک ئەم نوێکردنەوەیان پێ دەگات، و لەسەر هەندێک لە کۆمپیوتەرەکانیش ئەو کات نوێکردنەوەکەی بڵۆک واتە بەست کرد کە لە ڕووی نەرمەواڵە و ڕەقەواڵەوە نەگونجاویی هەبووە لەگەڵ ویندۆز ١٠ وەشانی October 2018 Update.
هەندێک لەو کێشانە بریتیبوون لە نەگونجاوی iCloud و ئەپەکانی VPN و نەرمەواڵەکانی Trend Micro. لە ڕاستیدا لەم ڕووەوە مایکڕۆسۆفت زۆر بە ڕوونی وەردەکاریەکانی ئەو کێشانەی لەسەر بەشی یارمەتی ماڵپەڕی مایکڕۆسۆفت خۆی خستوونەتە ڕوو، و ئێستاش وا دیارە کە وەشانی Windows 10 October 2018 Update بۆ گشت لایەک بەردەستە ئەگەر بەکارهێنەران لە بەشی Windows Update پشکنینێک بکەن بۆ ئەم نوێکارییە و دەتوانن کۆمپیوتەرەکانیان بەرزبکەنەوە بۆ ئەم وەشانە.

لە کۆتایدا و لە دوای ساڵێکی پڕ لە کێشە و گرفت، مایکڕۆسۆفت ئێستا لە پلانی دایە زیاتر جەخت بخاتە سەر جۆرایەتی ویندۆز ١٠. بێگومان ویندۆز سیستەمێکی ئاڵۆزە بۆ تاقیکردنەوە چونکە هەموو ئامێرێک لە ڕووی پێکهاتە و پێناسەکان و نەرمەواڵەوە یەک نیین، چونکە بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن ئامێر بە ویندۆز کاردەکەن. ئیتر مایکڕۆسۆفت لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەم ڕووەوە کاری لەسەر کێشەکان کردووە بۆ ئەوەی بگاتە خاڵێک تا وا بکات ئەم نوێکردنەوەیە بۆ گشت کۆمپیوتەرەکان بەردەست بکات.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!