10
مایکرۆسۆفت 20, كانونی یه‌كه‌م 2018 بۆچوون

مایکڕۆسۆفت ئەپێکی نوێی ئۆفیسی بۆ ویندۆز 10 ڕاگەیاند

مایکڕۆسۆفت لە هەوڵی ئەوە دایە کە بەکارهێنانی ئەپەکانی ئۆفیس ئاسانتر بکات. دوێنێ چوارشەممە، مایکڕۆسۆفت بە فەرمی ئەپێکی نوێی ئۆفیسی بۆ ویندۆز ١٠ نمایشکرد.

ئەپەکە وەکو ناوەندێک بۆ گشت ئەپەکانی مایکڕۆسۆفت ئۆفیس کاردەکات، کە جێگرەوەی My Office appـی ئێستایە. لەگەڵ کردنەوەی ئەپەکە ڕاستەوخۆ لە بەشی سەرەوەی گشت ئەپەکانی ئۆفیس بوونیان هەیە، کە ئاسانکاری بۆ بەکارهێنەر دەکات لە ئاڵوگۆڕ لە نێوان ئەپەکانی ئۆفیس. هەروەک گشت ئەو پەڕگانەی بۆ دواجار لە ڕێگەی ئەپەکانی ئۆفیس کردووتنەوە لەوێ دەردەکەون، و هەروەها بزوێنەرێکی گەڕانی هەیە بۆ گەڕان بە دوای پەڕگەی تر کە لەسەر ئەپەکە دەرنەکەوتوون.

مایکڕۆسۆفت دەڵێت ئەمە هەمان ئەزموونی Office.comـە بەڵام بە شێوەی دەرهێڵ بۆ بەکارهێنەرانی ئۆفیس لەسەر ویندۆز ١٠ و هیوای ئەزموونێکی باشتر بۆ بەکارهێنەرانیش دەخوازێت.

لە ڕاستیدا، مایکڕۆسۆفت لەم دواییانە بە شێوەی قۆناغ قۆناغ دەستی کردووە بە نوێکردنەوەی ئەپەکانی بۆ سەکۆ جیاوازەکان، بۆ نمونە ئەپی ئاوتلووک بۆ ئای ئۆ ئێس.

شایەنی ئاماژەیە، ئەپەکە لە ئێستادا بۆ ژمارەیەک لە بەشداربووانی Insider Program بەردەستە و بەم زووانەش بۆ گشت بەکارهێنەرانی ویندۆز بەردەست دەکرێت. ئەپەکە خۆڕایی و لەگەڵ ئۆفیسی ٢٠١٦، ٢٠١٩، ئۆنلاین، و هەروەها ئۆفیس ٣٦٠ کاردەکات. ئەپەکە لە ڕێگەی کۆگای ئەپەکانی مایکڕۆسۆفتەوە بەردەست دەکرێت، و لە هاوینی ٢٠١٩ـەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ گشت ئەو کۆمپیوتەرانە بەردەست دەبێت کە ویندۆز ١٠ـیان لەسەر جێگیر دەکرێت وەکو سیستەمی بنچینەیی.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ