ئای ئۆ ئێس

ئەپڵ لەمەودوا ڕێگە دەدات بە کردنە دیاری کڕینی ناوخۆیی In-App Purchasesـی ئەپەکانی ناو ئەپستۆر

دوێنێ لە نوێترین گۆڕانکاری لە ڕێبەری خۆی بۆ ئەپستۆر، ئەپڵ تایبەتمەندیەکی نوێی بۆ پەرەپێدەران و بەکارهێنەران بەردەستکرد تا بتوانن لە ناو ئەپەکانیان بژاردەری کردنە دیاری کڕینی ناوخۆیی واتە In-App Purchases بۆ بەکارهێنەران زیاد بکەن.

لە ئێستادا، بەکارهێنەرانی ئای ئۆ ئێس دەتوانن ئەو ئەپانەی بە پارەن بیانکەنە دیاری بۆ کەسانی تر و بۆیان بکڕن، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو هیچ ڕێگەیەک نەبووە کە بتوانرێت ئەو کڕینانەی لەناوخۆیی ئەپەکان هەیە بکرێنە دیاری بۆ کەسانی تر. ئیتر لەگەڵ ئەوەی کە زیاتر و زیاتر ئەپەکان دەبنە خۆڕایی و تەنها لە نێوەڕۆکدا کڕین هەیە بۆ ئەوەی شتێک لەناو ئەپەکە زیاد بکەیت، ئەوا ئەم هەنگاوەی ئێستای ئەپڵ بە شێوەیەک لە شێوەکان مانا بەخشە و هەنگاونانە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.

لە ڕێبەری ئەپستۆردا لە پێشتر بەم شێوەیە بوو:

نابێت ئەپەکان بە ڕاستەوخۆیی یان ناڕاستەوخۆیی ڕێگە بە کڕینی ناوخۆیی ناوەڕۆک، تایبەتمەندی یان هەر بڕگەیەکی تری ئەپەکانیان بدەن بکرێتە دیاری.

لە گۆڕانکاری تازەدا هاتووە:

ئەپەکان دەتوانن ئەو ناوەڕۆکەی لە ئەپەکاندا هەیە و گونجاوە بۆ کردنە دیاری بیکەنە دیاری بۆ کەسانی تر. ئەو جۆرە دیاریانە پارەکەیان تەنها بۆ کڕیاری سەرەکی دەگەڕێندرێتەوە و ئاڵوگۆڕی پێ ناکرێت.

شایەنی باسە، لە ئێستادا ڕوون نییە کە چۆن کڕینە ناوخۆییەکان دەکرێنە دیاری و لەلایەن ئەپڵەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام پێدەچێت ئەپڵ لە پلانی دابێت بژاردەیەکی لەم شێوەیە بۆ ئەپستۆر بەردەست بکات. هەروەک پێدەچێت ئەپڵ بەم زووانە زانیاری زیاتر بۆ پەرەپێدەران ڕەوانە بکات دەربارەی بە دیاری ناردنی کڕینە ناوخۆییەکانی ئەپەکانیان.

لە ئێستادا ئەگەر کەسێک بیەوێت ئەپێکی بە پارە بکاتە دیاری بۆ کەسێکی تر پێویستە ئەپستۆر بکاتەوە، پاشان لە پەڕی ئەپەکە پەنجە لەو سێ خاڵە بدات، ئینجا دوگمەی Gift App دابگرێت، پاشان پەنجەرەیەکی تر دێتە بەردەم و لەوێ دەتوانیت ئیمەیڵی بەرامبەر بنوسیت و ئەپەکە بکەیتە دیاری. ئەم هەنگاوە بۆ ئەپەکەیە بە تەواوی و لە ئێستادا بۆ کڕینە ناوخۆییەکان بەردەست نەبووە.

بە کورتی، دەمێکە دەتوانیت ئەپێکی تەواو بکەیتە دیاری بۆ بەرامبەرەکەت لەسەر ئەپستۆر، بەڵام بۆ ناوەڕۆکە بە پارەکان بەردەست نەبوو، ئیتر لەمەودوا و لە داهاتوویەکی نزیکدا بژاردەی کردنە دیاری بۆ ناوەڕۆکە بە پارەکان بەردەست دەکرێت. بۆ نمونە ئەگەر بمەوێت لە ناو یاریەک شتێک بۆ هاوڕێیەکم بکڕم ئەوا دەتوانم ئەنجامی بدەم و بۆی بکەمە دیاری.

سەرچاوە :

20 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1170