10
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 27, كانونی یه‌كه‌م 2018 بۆچوون

ئینستەگرام شێوازی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان لە ستونییەوە دەگۆڕێت بۆ ئاسۆیی (نوێکراوەتەوە)

ئینستەگرام بە شێوەیەکی چڕ سەرقاڵی یەکخستنەوەی بەشەکان و زیادکردنی تایبەتمەندییە بۆ تۆڕەکەی، وەکو لە پێشوودا ئاگادار بووین کە ئینستەگرام تایبەتمەندی Close Friends ـی بۆ بەشی ستۆری و کورتە پەیامی دەنگی و وێنەی جوڵاو بۆ بەشی دایرێکت و چەندان تایبەتمەندی تری بۆ تۆڕەکەی زیاد کرد. لە ئێستادا ئینستەگرام سەرقاڵی تاقیکردنەوەی گۆڕینی شێوازی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکانە لە ستونییەوە بۆ ئاسۆیی، هاوکات لە ئێستادا تۆڕەکە شێوازەکەی بۆ بەشێک لە بەکارهێنەرانی بەردەست کردووە.

لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکەی ئینستەگرامدا دەتوانرێت هاوشێوەی بەشی ستۆری تۆڕەکە بە پەنجەدان لە بەشی ڕاست و چەپی لایەکانەوە پۆستەکان پێش و پاش بکرێن لە پەڕەی Home ـدا، هەروەها بۆ نووسین و بینینی لێدوانەکان (Comment)ـی پۆستەکان پێویستە پەنجە لە خوارەوە ببرێت بۆ سەرەوە.

لە ئێستادا شێوازە نوێیەکەی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان بۆ بەشێکی بەکارهێنەرانی ئەپی ئینستەگرام لە هەردوو سیستەمی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید زیاد بووە، بەڵام هەندێک بەکارهێنەر لە شێوازە نوێیەکە ناڕازین و بە بێزارکەری ناو دەبەن و هیواخوازن شێوازە کۆنەکەیان بۆ بگەڕێتەوە. هەندێکی تر لەو بەکارهێنەرانەی کە شێوازە نوێیەکەیان بۆ زیاد بووە، شێوازە ستونییەکەیان بۆ گەڕاوەتەوە لە ڕێگای داخستنەوەی ئەپەکە بۆ چەند جارێک.

ئەگەر شێوازە نوێیەکەی ئاڵۆگۆڕکردنی پۆستەکانی ئینستەگرامت بەدڵ نییە، دەتوانیت لە وێبگەڕی ئامێرەکەت لە ڕێگای instagram.com تۆڕەکە بەکاربهێنیت و سوود لە شێوازی ستونی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان وەربگریت.

ئەگەر یەکێکیت لەوانەی کە تاوەکو ئێستا شێوازە ئاسۆییەکەت بۆ زیاد نەبووە، پێویستە چاوەڕوان بیت تاوەکو تۆڕەکە بە شێوەیەکی خودکارانە شێوازەکە بۆ هەژمارەکەت زیاد دەکات.

نوێکراوە: ئینستەگرام داوای لێبوردنی لە بەکارهێنەران کرد و گۆڕانکارییەکەی ئەمڕۆی وەکو کێشەیەک ئاماژە پێدا و ڕایگەیاند کە بە خێرایی چارەسەری کێشەکەیان کردووە!

ئەوەی جێی پرسیارە؛ ئەگەر گۆڕانکارییەکەی ئەمڕۆ کێشەیەک بوبێت، ئاخۆ چۆن دەگونجێت ڕێنمایی بەکارهێنانی لە یەکەم بینینیدا نیشانی بەکارهێنەران بدات؟

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ