ئەپ و نەرمەکاڵا

بۆچی یاریەکان پێویستیان بە نەرمەکاڵای DirectXـە؟ سوودی ئەم نەرمەکاڵایە چییە لەسەر کۆمپیوتەرەکانمان؟

نەرمەکاڵا یاخود سیستمی گرافیکی DirectX بە بەشێکی سەرەکی سیستمی ویندۆز دادەنرێت چونکە هەر جارێک هەڵدەستیت بە جێگیرکردنی ویندۆز لەسەر ئامێرەکەت ئەوا خۆکارانە ئەم نەرمەکاڵایە جێگیرکراوە لەگەڵ ویندۆزەکەت و تۆش دەتوانیت بۆ دڵنیابوونەوە لەمە نەرمەکاڵای DriverBooster بەکاربهێنیت پاش جێگیرکردنی ویندۆز، بە شێوەیەک دەبینیت DirectX جێگیرکراوە لەسەر ویندۆزەکەت بەڵام لەوانەیە وەشانەکەی کۆن بێت هەر بۆیە پێشنیارت بۆ دەکات هەتاوەکو نوێی بکەیتەوە، بەڵام بۆچی لە کاتی جێگیرکردنی یاریەک یاخود جێگیرکردنی نەرمەکاڵای Steam دەبینین دووبارە و بە شێوەیەکی خۆکارانە نەرمەکاڵای DirectX جێگیردەکرێتەوە؟ سوودی ئەم نەرمەکاڵایە چییە بۆ یاریەکان؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە خوێنەر تەواوی بابەتەکە بن.

  • نەرمەکاڵای DirectX چییە؟

نەرمەکاڵایەکە یاخود سیستمێکی گرافیکیە پێشووتر جێگیرکراوە لە نێو ویندۆزدا و بەشێکی سەرەکیە لە سیستمی ویندۆز، ئامانج لە دروستکردنیشی بۆ ئەوەیە هەتاوەکو پشتگیری بکات لە کارکردنی چەندین نەرمەکاڵا و یاری بە شێوەیەک بەکاردەهێنرێت لە سەرجەم ئەو وێنانەی سێ دووری 3Dـین و دەردەکەون لەسەر کۆمپیوتەر، هەروەها بەکاردەهێنرێت بۆ کارپێکردنی دەنگ و ڤیدیۆکان هەر بۆیە ناتوانین دەستبەرداری ببین لە ئامێری کۆمپیوتەرەکانماندا، بەڵام بۆچی یاریەکان بە شێوەیەکی زیاتر پشت بەم نەرمەکاڵایە دەبەستن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش پێویستە ڕاستی یاریەکان بزانین.

هەروەک ئاشکراشە یاریەکان کۆمەڵێک لە دیزاینە سێ دووری 3Dـیەکان یاخود دیزاینە گرافیکیەکان بە شێوەیەکی گشتی لە خۆدەگرێت، پێشووتریش ئاماژەمان بەوەدا ئامانجی سەرەکی بوونی نەرمەکاڵاکە لە سیستمدا بۆ پشتگیری و کارکردنی گرافیکە لەسەر کۆمپیوتەر، هەر بۆیەش یاریەکان پێویستیانە هەتاوەکو بە شێوەیەکی دروست کاربکەن بەڵام هەندێک لە یاریەکان پشت بە نەرمەکاڵای DirectX نابەستن بەڵکو پشت بە هەندێک نەرمەکاڵای دیکە دەبەستن کە هەڵگری ڕووکارێکی بە کۆدکراوی نەرمەکاڵاکانە و هەمان کاری DirectX دەکەن، نموونەش بۆ ئەوانە هەردوو نەرمەکاڵای OpenGL و Vulkanـە.

  • وەشانەکانی نەرمەکاڵای DirectX چین؟

لە سەرەتادا وەشانێکی سەرەکی یاخود پێکهاتەیەکی سەرەکی هەبوو کە ئەویش DirectX 3Dـیە و بەرپرسە لە سەرجەم شێوەکان و دیزاینە سێ دووری 3Dـیەکان، پێکهاتەی دووەمیش DirectDrawـە کە بەرپرسە لە شێوازی پیشاندانی شێوەکانی پێشوو لەسەر ڕوونمای کۆمپیوتەر هەروەها چەندین جۆر پێکهاتەی دیکە بوونی هەیە هەر بۆیە ئەم پێکهاتانە تێهەڵکێشکران و یەکەم وەشانی DirectX بڵاوکرایەوە.

بە دڵنیایەوە پێویستیش بوو لەگەڵ پێشکەوتنی سیستمە وەگەڕخەرەکان نەرمەکاڵاکەش بە بەردەوامی زیاتر گەشەپێبدرێت هەربۆیەش بە نموونە DirectX 9 گونجاوە بۆ ویندۆز XP و DirectX 11ـش گونجاوە لەگەڵ ویندۆز 7 و DirectX 12ـش لەگەڵ ویندۆز 10، بۆ دڵنیابوونەوەش لەمە دەتوانیت بە شوێن وشەی dxdiag بگەڕێیت لە چوارگۆشەی گەڕاندا و پاشان ڕووکارێکت بۆ دەکرێتەوە تیایدا کۆمەڵێک زانیاری بوونی هەیە و لە تەنیشت وشەی DirectX Versionـدا وەشانی نەرمەکاڵای DirectX ئاماژەی پێدراوە.

  • بۆچی یاریەکان نەرمەکاڵای DirectX دادەگرن؟

زۆرینەی ئەو یاریانەی لە کۆگای Steamـەوە دایاندەگریت لە کاتی جێگیرکردنیان هەڵدەستێت بە دووبارە جێگیرکردنەوەی نەرمەکاڵای DirectX ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بوونی هەیە لە سیستمەکەدا یاخود یاریەکی دیکە جێگیری کردووە بەڵام بۆچی دووبارە جێگیرین دەکرێنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش سادەیە چونکە ئەمە تەنها هەنگاوێکە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی یاریەکە کاربکات بە شێوەیەکی ڕاست و دروست، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی وردەکاریانە وەڵام بدەینەوە ئەوا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یاریەکان بە شێوەیەک دیزاین کراون لەسەر یەکێک لە وەشانەکانی نەرمەکاڵای DirectX بەم پێیەش ئەمە هەندێک لە بەکارهێنەران بە ئامانج دەگرێت، لەم حاڵەتەشدا بەکارهێنەرانی وەشانەکانی دیکەی DirectX ناتوانن کار بە یاریەکان بکەن.

بۆ چارەسەری ئەم کێشەیەش لێرەدا پشت دەبەسترێت بە DirectX library کە فایلەکانی تایبەت بە هەر وەشانێکی نەرمەکاڵاکە لە خۆدەگرێت، بەم شێوەیە بەکارهێنەرانی وەشانەکانی دیکەی DirectX دەتوانن یاریە دیزاینکراوەکان بۆ وەشانەکانی دیکەی DirectX تاقیبکەنەوە، تۆش دەتوانیت لە ڕێگای ئەم ڕێڕەوەوە C:\Windows\SysWOW64 ئەو فایلانە ببینیت بەڵام ئەم ڕێڕەوەوە تایبەتە بە بەکارهێنەرانی 64bit و هەر بۆیە ئەگەر بەکارهێنەری 32bit بیت ئەوا دەتوانیت سوود لەم ڕێڕەوەوە ببینیت C:\Windows\System32، لە کۆتاییشدا دەڵێین دووبارە جێگیرکردنەوەی DirectX پێویستە بۆ زیادکردنی فایلە گرنگەکان و بە باشی کارکردنی یاریەکان.

  • چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی نەرمەکاڵای DirectX؟

لە هەندێک کاتدا لەوانەیە ڕووبەڕووی کێشە ببیتەوە لە فایلەکانی DirectXـدا ئەویش لەوانەیە هۆکارەکەی نەبوونی هەندێک فایل بێت بۆ کارپێکردنی یاریەکان یاخود لە کاتی پڕۆسەی جێگیرکردنی یاریەکاندا لەوانەیە ئاگادارییەکی هەڵە بە شێوەیەکی بەردەوام دەربکەوێت، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە پێویستە دوو کار بکەیت یەکەمیان چوونە نێو فایلەکانی یاریەکە یاخود ئەو نەرمەکاڵایەی کێشەت هەیە لەگەڵیدا پاشان بگەڕێ بە شوێن وشەی DXSETUP.exeـدا.

ئەم فایلە بەردەوام بوونی هەیە لە فایلی یاریەکاندا هەر بۆیە پاش دۆزینەوەت بۆی ڕاستەوخۆ کاریپێبکە و جێگیری بکە بەم شێوەیە تێبینی نەمانی نامەی هەڵەکە دەکەیت، چارەسەری دووەمیشیان گەڕانە بە شوێن فایلە ونبووەکە کە لە نامەی هەڵەکەدا دەردەکەوێت واتە دەگەڕێیت بە شوێن فایلەکەدا و پاش دۆزینەوەت بۆی جێگیری دەکەیت.

3 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
802