ئێڵ جی
4, کانوونی دووەم 2019
تایبەتمەندییە پێشبینی کراوەکانی تەلەفزیۆنە نوێیەکانی ئەمساڵی LG

چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی CES 2019، کۆمپانیای LG ـیش یەکێک دەبێت لەو کۆمپانیایانەی کە بەرهەمەکانی لە کۆنگرەکەدا نمایش دەکات. هەر بەو بۆنەیەوە وا بڕیارە ٤ تەلەفزیۆنی نوێی لە کۆنگرەکەدا نمایش بکات.
٤ تەلەفزیۆنە نوێیەکەی LG مۆدێلەکانی Z9 و W9 و E9 و C9 دەبن. مۆدێلی Z9 قەبارەی ٨٨ ئینج دەبێت و ڕوونمایەکەی لە جۆری OLED دەبێت بە ڕوونی 8K. هەندێک لە مۆدێلەکانی دیکە ڕوونی ڕوونماکانیان 4K دەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە بژاردەی 8K ـیشیان لەگەڵدا دەبێت.
بە پێچەوانەی جارەکانی دیکەوە، ئەمجارە LG سیستەمی Android TV لە تەلەفزیۆنە نوێیەکانیدا بەکار ناهێنێت، بەڵکو سیستەمی webOS ـیان لەسەر دەبێت و خزمەتگوزاری ژیری دەنگیی Amazon Alexia و Google Assistant لە یەک کاتدا لە تەلەفزیۆنە نوێیەکاندا بەکار دەهێنێت.
دەربارەی ڕەقەکاڵایەکانیان، سەرجەم مۆدێلەکان خاوەن پڕۆسێسەری Alpha 9 Gen 2 دەبن بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد AI تێیاندا. ئەمە بێجگە لە بوونی ژیری دەستکردی دەنگ و وێنە و دەسەڵاتی دەنگ لە نێو تەلەفزیۆنە نوێیەکاندا. هەروەها تەلەفزیۆنە نوێیەکان خاوەن دەرچەیەکانی HDMI 2.1 و HDMI VRR و eARC و ALLM دەبن.
قەبارەی تەلەفزیۆنە نوێیەکان:
- Z9: بە قەبارەی ٨٨ ئینج بەردەست دەبێت.
- C9: بە قەبارەکانی ٥٥ و ٦٥ و ٧٧ ئینج بەردەست دەبێت.
- E9: بە قەبارەکانی ٥٥ و ٦٥ ئینج بەردەست دەبێت.
- W9: بە قەبارەکانی ٦٥ و ٧٧ بەردەست دەبێت.
کۆنگرەی CES 2019 کە تەلەفزیۆنە نوێیەکانی تێدا نمایش دەکرێن لە ٨ ـی ئەم مانگەدا دەست پێدەکات تاوەکو ١٢ ـی هەمان مانگ، مۆدێلەکانی C9 و E9 و W9 لە وەرزی بەهاردا بەردەست دەکرێن و مۆدێلی Z9 ـش لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بەردەست دەکرێت. هیچ زانیارییەک دەربارەی نرخی تەلەفزیۆنەکان لە ئارادا نییە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.