ڕێنمایی

باشترین کات بۆ کڕینی ئایفۆنە نوێیەکان

ئەپڵ لە مانگی ٩ ـی هەموو ساڵێک نەوە نوێیەکانی ئایفۆن و ئامێرەکانی دیکەی بەردەست دەکات، هەندێک بە پەرۆشەوە چاوەڕێن تاوەکو بە زووترین کات ئامێرە نوێیەکان بکڕن و هەندێکی دیکەش دوودڵن لە کڕینیان بە هۆی نرخە بەرزەکانیان و دڵنیا نەبوون لە کوالێتی ئامێرەکان. لەم بابەتەدا ئاماژە بە باشترین کات بۆ کڕینی ئایفۆنە نوێیەکان دەدەین تایبەت بەو کەسانەی کە گرنگی بە نرخ و کوالێتی ئایفۆنە نوێیەکان دەدەن.

بۆ ئەو کەسانەی کە گرنگی بە نرخ و کوالێتی دەدەن کڕینی ئایفۆنە نوێیەکان لە دوای چەند ڕۆژێکی کەم لە بەردەستکردنی بە تەواوەتی هەڵەیە، ڕەنگە چاوەڕێ کردن بۆ چەند مانگێک نیگەرانت بکات بەڵام لە پەشیمانی باشترە و دڵنیات دەکاتەوە دەربارەی باشی یاخود خراپی ئەو ئایفۆنە نوێیەی کە نیازت وایە بیکڕیت. وا باشترە لە مانگی ٦ ـەوە بیرۆکەی کڕینی ئایفۆنی نوێ لە خەیاڵت دەربهێنیت تاوەکو کۆتاییەکانی وەرزی پایز و مانگی ١٢، مەگەر ئایفۆنەکەی ئێستات زۆر بێکەڵک بێت و توانای کارکردن و بەکارهێنانی نەمابێت و نەتوانیت تاوەکو ٣ بۆ ٤ مانگی زیاتر چاوەڕێ بکەیت. چاوەڕوانیت تا ڕێکەوتە ئاماژە پێدراوەکە دڵنیات دەکاتەوە لە کوالێتی ئایفۆنە نوێیەکان و دەتوانیت بە نرخێکی کەم بەدەستیان بخەیت لە چاو سەرەتای بەردەستکردنیان.

هەروەها کڕینی ئایفۆن لە پێش مانگی ٩ بە تەواوی هەڵەیە، ڕەنگە ئەو ئایفۆنە نوێیانەی کە لە مانگی ٩ دەردەچن بە تەواوی شایەنی نرخەکەیان ببن و جێی چاوەڕوانیت بێت. بۆ ئەو کەسانەشی کە دەیانەوێت ئایفۆنێکی کۆن بکڕن گشت کاتێک گونجاوە بۆ کڕینیان بە هۆی هەرزانی نرخیانەوە، بەڵام هێشتا وا باشترە تاوەکو مانگی ٩ چاوەڕێ بکەن تاوەکو لەگەڵ هاتنی ئایفۆنە نوێیەکان نرخیان هێندەی تر کەمبوونەوە بە خۆیەوە ببینێت.

یەکێک لە کاتە گونجاوەکانی دیکە بۆ کڕینی ئایفۆنە نوێیەکان هەینی ڕەش (Black Friday)ـییە، هەینی ڕەش ساڵی جارێک ئەنجام دەدرێت و دەکەوێتە مانگی ١٢ ـەوە. لەو ڕۆژەدا زۆرینەی پێگە و کۆگایەکانی جیهان داشکاندن بە ڕێژەیەکی زۆر لە کاڵاکانیاندا دەکەن. مەرج نییە ئەپڵ داشکاندن لە ئایفۆن و بەرهەمەکانی دیکەیدا بکات لەو ڕۆژەدا، بەڵکو داشکاندنەکە لە لایەن پێگە و کۆگایەکانی دیکەوە ئەنجام دەدرێت و چەندان پێگە بوونیان هەبووە کە لە پێشوودا لەو ڕۆژەدا داشکاندنیان بۆ ئایفۆنە نوێیەکان کردووە.

4 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
710