10
بابەتی گرینگ 17, كانونی دووه‌م 2019 بۆچوون

ناساندنی تایبەتمەندی Live Listen لە iOS 12، ئایا دەتوانرێت سیخوڕی پێ ئەنجام بدرێت؟

لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەشانی iOS 12 لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ئەپڵەوە، تایبەتمەندییەکی گرنگ و پەیوەندیدار بە بەکارهێنەرانی ئامێری AirPods ـەوە زیادکرا، ئەویش تایبەتمەندی Live Listen بوو. تایبەتمەندییەکە یارمەتیدەری دەنگییە و تایبەتە بەو کەسانەی کە توانای بیستنیان لاوازە، لەگەڵ کارپێکردنی تایبەتمەندییەکە و لە گوێ کردنی AirPods ـەکانیان، ژاوە ژاو و شەپۆلە دەنگییەکانی چواردەوریان بۆ نزیک دەبێتەوە. لەم بابەتەدا ڕوونکردنەوە لەسەر تایبەتمەندییەکە دەدەین و وەڵامی پرسیارێکی نەبیستراوتان دەخەینە بەردەست، لەگەڵ چۆنیەتی ئیشکردن و کارا کردن و بەکارهێنانیدا.

چۆنیەتی ئیشکردنی تایبەتمەندییەکە:

لە ئامێرە AirPods ـەکاندا تایبەتمەندی Live Listen هەیە کە لە ڕێگایەوە ئایفۆنە پەیوەست بووەکە وەکو وەرگر(مایکرۆفۆن) بەکاردەهێنێت و دەنگ و ژاوەژاوەکانی چواردەور نزیک دەکاتەوە و دەیدات بە گوێتدا.


هەنگاوەکانی زیادکردنی تایبەتمەندییەکە:

سەرەتا و پێش هەموو شتێک، تایبەتمەندییەکە تەنها لە نێو وەشانی iOS 12 ـەدا بوونی هەیە و ناتوانرێت بە هیچ ڕێگایەک بۆ وەشانە کۆنەکانی دیکەی iOS زیاد بکرێت یاخود بەکاربهێندرێت.

  • کردنەوەی ئەپی Settings
  • کردنەوەی بەشی Control Center
  • کردنەوەی بەشی Customize Controls
  • گەڕان بە دوای Hearing و گرتە کردن لە نیشانی +


چۆنیەتی کارا کردنی تایبەتمەندییەکە:

لە دوای ئەوەی دوگمەی Hearing ـت بۆ کۆنتڕۆڵ سەنتەر زیاد کرد، کۆنتڕۆڵ سەنتەر بکەرەوە و کلیک لەسەر دوگمەی Hearing بکە بە ناساندنەوەی وێنۆچکەی گوێچکە، لە پاشان کرتە لە دوگمەی Off بکە تاوەکو ببێت بە On و کارا ببێت

ئێستا تایبەتمەندییەکە کار دەکات و دەنگەکانی چواردەورت بۆ نزیک دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانیت ئاستی دەنگەکان بۆ بیستۆکەکانی ڕاست و چەپی AirPods ـەکەت دەستکاری بکەیت لە ڕێگای دوگمە زیادکراوەکەی کۆنتڕۆڵ سەنتەرەوە. 

ئێستا نۆرەی پرسیار و وەڵامە گرنگەکەیە؛ ئایا دەتوانرێت لە ڕێگای تایبەتمەندییەکەوە سیخوڕی ئەنجام بدرێت؟

بەڵێ، لەبەر ئەوەی AirPods ئایفۆن وەکو وەرگر(مایکرۆفۆن) بەکار دەهێنێت و لە کاتی کارپێکردنی تایبەتمەندییەکەدا دەنگەکان لە ئایفۆنەوە وەردەگرێت و بە گوێتدا دەدات. هەر بۆیە دەتوانیت تایبەتمەندییەکە هەڵبکەیت، لە پاشان AirPods ـەکەت بکەیتە گوێت و ئایفۆنەکەت لەسەر مێز یاخود شتێکی دیکەی ژوورێک بەجێ بهێڵیت و بڕۆیتە ژوورێکی دیکە. بەم جۆرە دەتوانیت لە ڕێگای تایبەتمەندییەکەوە بە یارمەتی ئایفۆن و AirPods ـەکەت گوێ لە قسەی کەسانی دیکەی نێو ژوورێک بگریت بە ئاسانی.

ئەمە ناساندنی تایبەتمەندییەکە بوو لەگەڵ چۆنیەتی ئیشکردنی تایبەتمەندییەکە و زیادکردن و کاراکردنیدا، هەروەها وەڵامدانەوەی پرسیارێک. بە هیوای ئەوەی بەکارهێنەرانی AirPods سوود لە تایبەتمەندییەکە وەربگرن و باشتر لە جاران دەنگەکان ببیستن.

بۆچونی تۆ