ڕێنمایی

بۆچی پاتری مۆبایلەکان دەتەقنەوە؟ چۆن ڕێگری لە تەقینەوەی بکەم؟

لەگەڵ گەشەسەندنی گەورەی تەکنەلۆژیا بە تایبەت لە بەشی مۆبایلەکاندا دەبینین کۆمپانیاکانی دروستکەری مۆبایل بەردەوام پێشبڕکێ دەکەن لە بەردەستکردنی مۆبایلی خاوەن تایبەتمەندی بەهێز و جیاواز و بە دڵنیایشەوە نوێ، بەڵام لەوانەیە هەموو ئەمانە بکەوێتە سەر ئەستۆی پاتری مۆبایلەکان و ببێتە هۆکارێک بۆ گەرمبوون یان تەنانەت تەقینەوەیان! هەر بۆیە ئەم بابەتەمان بۆ ئێوەی خوێنەر بەردەست کردووە هەتاوەکو پارێزراو بن لەم ڕووداوە نەخوازراوە لەگەڵ ئەوەشدا چەند ڕێگایەکی خۆپاراستنمان خستووەتەڕوو.

سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین هەموو جۆرە پاتریەک ئەگەری تەقینەوەی هەیە تەنانەت ئەو پاتریانەش لە جۆری لیسیۆم ئایۆنن، لێرەدا ئێمە هەوڵنادەین بتانترسێنین لە مۆبایلەکانتان چونکە لەوانەیە هەرگیز ڕووبەڕووی تەقینەوەی پاتری مۆبایلەکانتان نەبن، بەڵام پێویستە هۆکارەکانی پشت ئەم تەقینەوەیە بزانیت و خۆتی لێبپارێزیت پێش ئەوەی ڕووبدات، پێش هەموو شتێک بینەری ئەم پارچە ڤیدیۆیەی خوارەوە بە، تیایدا کاریگەری بەرکەوتنی پلەی گەرمی دەبینیت لەسەر پاتریەکی جۆری لیسیۆم بۆ ماوەی سێ خولەک.

ئەم ڤیدیۆیەی بینیتان لە نێو تاقیگەدا بوو، ئێستا پاتریەکان لە جیهانی دەرەوە چۆن دەتەقنەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە خوێنەری خاڵەکانی خوارەوە بە، تیایدا باس لەو ڕووداوانە کراوە کە ڕوودەدەن پێش تەقینەوەی پاتریەکانی لیسیۆم لەگەڵ پاش تەقینەوەیان.

ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن لە پێش و پاش تەقینەوەی پاتری:-

  • سەرەتا یەکێک لە ناوچەکانی پاتریەکە دەست بە گەرمبوون دەکات
  • پاشان کارلێکە کیمیایەکان دەست پێدەکەن لە نێو ناوچە گەرمەکان و وا دەکات گەرمی زیاتر بەرهەمبهێنرێت و بڵاوبکرێتەوە لە ناوچەکانی دیکە پاتریەکەدا، ئەم حاڵەتەش ناودەبرێت بە گەرمبوونی ئەلیکترۆلایت
  • ئەم گەرمیەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کشان لە ماددەی ئەلیکترۆلات، ئەلیکترۆلایت پێکهاتوویەکی شلە لە ترشی کبریتیک لەگەڵ ئایۆنە بارگە موجەبەکانی هایدرۆجین، لە ئەنجامی کشانی ئەم ماددانەش بەرگی دەرەوەی پاتریەکە دەتەقێتەوە
  • بە هاتنە دەرەوەی ئەم شلەیەش لە پاتریەکەوە ئەوا گەرمیەکی زۆری هەیە و بێگومان ماددەیەکی گڕگرتووە و بە زۆریش دەسووتێت یاخود دەتوێتەوە و زیان بە پێکهاتە نزیکەکانی دەوروبەری دەگەیەنێت، ئەم حاڵەتەش بە دەرچوونی گەرمی ناودەبرێت

سەرەڕای ترسناکی ئەو ڕووداوانەی سەرەوە باسمان لێوەکردوون، بەڵام ڕاستیەک هەیە دەبێتە هۆی ئەوەی تا ڕادەیەک هەست بە سەلامەتی بکەیت ئەمەش چەند هەنگاوێک یان کارێکە لە لایەن دروستکەرانی پاتریەکانەوە جێبەجێ دەکرێت هەتاوەکو بەکارهێنەران سەلامەت بن و پارێزراو بن لە تەقینەوەی پاتریەکانیان.

چەند هەنگاوێک یان کارێک بەرهەمهێنەرانی پاتری دەیگرنەبەر بۆ پاراستنی بەکارهێنەران:-

  • زیادکردنی چەند ماددەیەک کە توانای گڕگرتنی نییە لەگەڵ ئەلیکترۆلات یان لەگەڵ ئەو پێکهاتانەی دیکە کە پاتریەکەی لێ بەرهەمهێنراوە
  • دروستکردنی چەند بازنەیەکی کارەبایی بۆ ڕێگریکردن لە مەترسی تەقینەوە ئەمەش بە شێوەیەکە بازنەکان لە کاردەکەون هەتاوەکو ببنە ڕێگرێک لە نێوان سەرچاوەی مەترسی و ناوچەکانی دیکەی پاتریەکە، هەروەها ئەم پڕۆسەیە کاتێک ڕوودەدات کە خانەیەکی دیاریکراو لە پەستانی دیاریکراوی خۆی تێپەڕدەکات
  • دروستکردنی چەند بۆریەک هەتاوەکو لە ڕێگایەوە گازەکان بچنە دەرەوە و پاتریەکە لە تەقینەوە بە دوور بێت

ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆکاری تەقینەوەی پاتری:-

  • کەوتنە خوارەوەی مۆبایل و زیانپێگەیشتنی پاتری

بێگومان یەکێک لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبینەوە کەوتنە خوارەوەی مۆبایلەکانمانە، بە دڵنیایشەوە ئەمە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پاتریەکان، بەڵام زۆرینەمان لە کاتی کەوتنە خوارەوەی مۆبایلەکانمان تەنها بیر لەو زیانانە دەکەینەوە کە ڕووبەڕووی ڕووکەشی مۆبایلەکە بووەتەوە و بیرناکەینەوە لە سەلامەت بوونی پاتری یاخود نا، هەر بۆیە پێویستە چاو بە پاتری مۆبایلەکەتدا بخشێنیت و ئەگەر یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەی تێدابوو پێویستە بوەستیت لە بەکارهێنانی و بیر لە گۆڕینی پاتریەکەی بکەیتەوە.

ئەو نیشانانە چین لە کاتی دەرکەوتنیان پێویستە ڕاستەوخۆ بوەستیت لە بەکارهێنانی پاتری مۆبایلەکەت؟

  • قەڵەوبوونی پاتری
  • دەرکەوتنی شوێنی زیانپێگەیشتوو لەسەر پاتریەکە
  • بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەی گەرمی پاتری لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایل

لەگەڵ زانینت بۆ ئەو هۆکارە دەرەکیانەی پاتریەکەت ڕووبەڕووی تەقینەوە دەکات پێویستە ئەو هۆکارە ناوەکیانەش بزانیت پاتریەکەت بەرەو گەرمبوون دەبات.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی گەرمبوونی پاتری:-

  • کارپێکردنی ئەو ئەپ و یاریانەی پێویستیان بە توانایەکی بەرزی گرافیکی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ماندووبوون و قورس بوونی پڕۆسێسەری گرافیکی یان یەکەی پڕۆسێسەری ناوەندی
  • کارکردنی بەردەوامی ئەپ و ویدجیتەکان لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایل و لە کاتی بەکارنەهێنانیشیدا
  • ئەگەر پەیوەندی وای فای یان هێڵی سیم کارد کەم یان بێ هێز بێت ئەوا مۆبایل هەوڵ دەدات بە هەموو توانایەوە هێڵێکی بەهێز بەردەست بکات بۆ بەکارهێنەر، ئەمەش بە دڵنیایەوە پێویستی بە وزەیەکی زۆرە
  • ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیانەی کاتێکی زۆر دەخایەنن

لەگەڵ ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان لێوەکردن پلەی گەرمی ژینگەش دەبێتە هۆی گەرمبوونی پاتری مۆبایل، هەر بۆیە هەتاوەکو دەتوانیت دووربکەوە لە کارپێکردنی مۆبایلەکەت لەو شوێنانەی تیشکی خۆری بەردەکەوێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ، لەگەڵ ئەمەشدا بارگاویکردنەوەی مۆبایل هۆکارێکی سەرەکیە بۆ گەرمبوونی پاتری بەڵام پێویستە ئەوە بزانین پاتریەکان لە کاتی بارگاویکردنەوەدا بە شێوەیەکی ئاسایی گەرم دەبن بەڵام هەندێک هۆکار وا دەکات پلەی گەرمیان بە ڕێژەیەکی زیاتر بەرزببێتەوە.

چۆن پاتری مۆبایلەکانمان بپارێزین لە گەرمبوون لە کاتی بارگاویکردنەوەیان؟

  • لابردن یاخود لێکردنەوەی پارێزەر (بەرگ)ـی مۆبایلەکانمان لە کاتی بارگاویکردنەوە
  • دوورخستنەوەی مۆبایل لە شوێنی گەرمی بەرز یان بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر
  • مۆبایلەکەت بەجێمەهێڵە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەتدا
  • مۆبایلەکەت بارگاوی مەکەرەوە کاتێک لە گیرفانتدایە یاخود داپۆشراوە بە شتێک
  • بارگاویکەرەوەی ساختە بەکارمەهێنە

تەڕبوونی مۆبایل

هەروەک لەم ڤیدیۆیەدا دیارە پاتریەکی لیسیۆم کراوەتە نێو شووشەیەکی ئاوەوە، پاش ماوەیەک تێبینی دەکرێت پاتریەکە کارلێک دەکات لەگەڵ ئاوەکەدا ئەمەش پاتریەکە بەرەو گڕگرتن دەبات، هەرچەندە لە ئێستادا زۆرێک لە مۆبایلەکان دژی ئاون و توانای بەرگەگرتنیان هەیە بەڵام باشترە هەمیشە مۆبایلەکانمان لە تەڕبوون بپارێزین.

چاڵبوون یاخود کونبوونی پاتری

دەتوانین ئەم خاڵەش زیاد بکەین بۆ خاڵی پێشوو کە تیایدا باسمان لە کارلێکی پاتری کرد لەگەڵ ئاو، لێرەدا بە هەمان شێوە پاتریەکانی لیسیۆم لە کاتی بەرکەوتنیان بۆ ئۆکسجین تێبینی دووکەڵ یاخود بۆنێکی ناخۆش یاخود تەقینەوەی تەواوەتی دەکەیت، بە بینەربوونی ڤیدیۆکەی سەرەوە کارلێکی پاتری مۆبایلێک دەبینیت لەگەڵ ئۆکسجیندا.

  • لە کۆتاییشدا بە ڕای تۆی خوێنەر چ هۆکارێک ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە تەقینەوەی پاتری مۆبایلەکان؟ لە لێدوان ڕای خۆت لەم بارەوە دەرببڕە.

17 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
870