ئەندرۆید
17, كانونی دووهم 2019
بەراوردێکی Huawei Mate 20 و Huawei P20 Pro کە نرخیان لە یەکترەوە نزیکە

ئەگەر هەواداری هواوەیت و کێشەی پارەت نییە، ئەوا دەتوانیت Mate 20 Pro کە باشترینی کۆمپانیاکەیە بەدەست بهێنیت، بەڵام ئەگەر پارەکەت تەنها ٥٨٠ دۆلارێکە ئەوا دەبێت لە نێوان P20 Pro و Mate 20ی ئاسایی هەڵبژێریت کە نرخیان لەو نزیکانەیە و هەریەکەیان بە چەند شێوەیەک لە Mate 20 Pro نزمترە و بڕیاردان لە نێوانیان دەکەوێتەوە سەر ئەوەی کە تۆ چیت لا گرنگە.
هێز و خێرایی: مۆبایلی P20 Pro بە پرۆسێسەری Kirin 970 کاردەکات و Mate 20 بە پرۆسێسەری Kirin 980 کە نەوەیەک نوێترە و بە گشتی باشتر و بەهێزترە، هەریەک لە CPU و GPUی Mate 20ەکە باشترن و ئاستێکی بەرزترت پێشکەش دەکەن.
هەردوو مۆبایلەکە خاوەن ٦ گێگابایت ڕامن.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی هێز و خێرایی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان دەتوانن خوێنەری ئەم بابەتەبن.
براوە: Mate 20
کامێرای سەرەکی: کامێرای هەردوو مۆبایل ئاست بەرز و نایابە و ٣ هاوێنەییە، بەڵام هاوێنەی سەرەکی P20 Pro ڕوونییەکەی ئێجگار بەرزترە و قەبارەکەی گەورەترە هەر بۆیەشە وێنەکانی باشترن، لایەنی باشی کامێرای Mate 20 بوونی هاوێنەیەکی Ultrawideە کە بە گۆشەیەکی ئێجگار فراوان وێنە دەگرێت و لە P20 Pro بوونی نییە.
براوە: P20 Pro(ئەگەر شەیدای وێنەی گۆشە فراوانیت Mate 20 گونجاوترە)
کامێرای پێشەوە: هەمان کامێرا بەکاردێنن.
براوە: یەکسانبوون
دیزاین و لاشە: هەردوو مۆبایلەکە پێش و پشتیان شووشە و چوارچێوەیان ئەلەمنیۆمە، Mate 20 ٠.٣ میللی مەتر ئەستوورتر و ٨ گرام قورسترە و تەنها بڕوانامەی IP53یشی هەیە بۆ پارێزگاری لە ئاو و تۆز لە کاتێکدا P20 Pro بڕوانامەی IP67ی هەیە، لێوارەکانی Mate 20 و تەنانەت ڕاگر(نۆچ)ەکەشی لە هی P20 Pro بچووکترن و بەمەش ڕێژەیەکی بەرزتری ڕووەکەی بە روونما داپۆشراوە.
براوە: P20 Pro
ڕوونما: P20 Pro ڕوونماکەی ٦.١ ئینجە و لە جۆری Amoledە، بە گشتی باشترە لە ڕوونما LCDە ٦.٥٣ ئینجەکەی Mate 20، ڕەنگەکان باشتر و جوانتر نیشان دەدات و بۆ بەکارهێنان لە بەر ڕووناکی خۆردا باشترە.
براوە: P20 Pro
تەمەنی پاتری: هەرچەندە هەردوو مۆبایل پاترییان ٤٠٠٠ میللی ئەمپێر.کاتژمێرە و ڕوونمای P20 Pro لە جۆری Amoledە کە بە گشتی وزە کەمتر بەکاردەبات، بەڵام تەمەنی پاتری Mate 20 باشترە بە گشتی، هۆکاری سەرەکیش پڕۆسێسەرەکەیەتی کە ٧ نانۆمەترییە و وزە کەمتر بەکاردەبات.
براوە: Mate 20
مۆبایلەکان لە زۆر شتدا هاوبەشن وەک: دەرچەی USB Type-C، هەستەوەری پەنجەمۆر، بارگاویبوونەوەی خێرا بە توانای ٢٢.٥ وات، نەبوونی بارگاویبوونەوەی بێ وایەر، بوونی Infrared port، بوونی بڵندگۆی ستێریۆ، بوونی ١٢٨گب بیرگەی ناوەکی، Mate 20 دەرچەی ٣.٥مم ی بیستۆکی هەیە کە P20 Pro نییەتی، هەروەها وەشانی بلوتوثەکەی نوێترە و خێراترە و مەودای زیاترە، P20 Pro کە دەرچوو لەسەر وەشانی Oreo کاری دەکرد و ئێستا Pieی پێ گەیشتووە، Mate 20 هەر خۆی لە سەرەتاوە Pieی لەسەر جێگیرکراوە و بەهۆی ئەوەی نوێترە ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر نوێکرنەوەی پێبگات لە لایەن هواوەی.
باڵادەستییەکانی P20 Pro:
• کامێرای سەرەکی
• دیزاین و لاشە(پارێزراوی باشتر لە ئاو و تۆز)
• ڕوونما
باڵادەستییەکانی Mate 20:
• هێز و خێرایی گشتی و گرافیک
• تەمەنی پاتری
• وێنەی گۆشە ئێجگار فراوان
• دەرچەی ٣.٥ مم ی بیستۆک
• بلوتوثی خێراتر و دوور مەوداتر
• ئەگەری پێگەیشتنی نوێکردنەوە بۆ ماوەیەکی زیاتر
ئێوە کامیانتان پێ باشترە؟
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.