ئەپڵ

بەراوردێک لە نێوان Huawei Mate 20 Pro و iPhone XR کە لە نرخدا هاوشانی یەکترن

مۆبایلی Mate 20 Pro باشترینی هواوەیە و نرخی جۆری بیرگە ١٢٨ گێگابایتەکەی نزیکەی ٨٤٠ دۆلارە و بەپێی ئەوەی زۆر نوێیە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا نرخی بە شێوەیەکی بەرچاو داببەزێت، iPhone XR یەکێکە لە ٣ نوێترین مۆبایلی ئەپڵ و لە دوانەکەی تر نزمتر و هەرزانترە چونکە لە زۆر لایەندا لەوان لاوازترە، بەڵام لە هەندێک لایەنیشدا هیچی لەوان کەمتر نییە، نرخیشی بۆ جۆری ١٢٨گێگابایت نزیکەی ٨٠٠ دۆلارە، با بەراوردێکیان بکەین.

 

  • ‌هێز و خێرایی: ئایفۆنەکە بە پڕۆسێسەری A12 Bionic کاردەکات و خاوەن ٣گب ڕامە و هواوەیەکە بە Kirin 980 کار دەکات و خاوەن ٦گب ڕامە، هەرچەندە هواوەیەکەش مۆبایلێکی ئێجگار خێرایە و جیاوازی CPU و ئاستی گشتییان گەورە نییە بەڵام بێگومان پڕۆسێسەری ئایفۆنەکە بەهێزترە و ڕوونی نزمی ڕوونمای ئایفۆنەکە هاوکاریەتی لە لایەنی گرافیکیشدا ئاستێک پێشکەش بکات کە ڕکابەری ناکرێت!

براوە: iPhone XR

  • کامێرای سەرەکی: هەرچەندە ئایفۆنەکە خاوەن کامێرایەکی نایابە کە تیرەی چاوێکی زۆر باش و قەبارەی پیکسڵی گەورە و نایاب و چەندین تایبەتمەندی نایابی وەک OIS و تۆمارکردنی ڤیدیۆی هێواشی بە ڕوونی [email protected] هەیە و بە گشتی وێنەی ئێجگار نایاب دەگرێت، بەڵام هواوەیەکە بە گشتی باڵادەستە و سەرەڕای ئەوەی وەک ئایفۆنەکە خاوەن هاوێنەیەکی سەرەکی نایابە(کە ڕوونیشی ئێجگار بەرزترە) خاوەن ٢ هاوێنەی دیکەشە! کە یەکێکیان لە جۆری Ultrawideە بۆ گرتنی وێنەی گۆشە ئێجگار فراوان، ئەوەی دیکەشیان لە جۆری Telephotoیە و بە هۆیەوە مۆبایلەکە دەتوانێت زوومی Optical بکات تاوەکوو ٥ هێندە! ئەمە جگە لە دۆخی Night modeی نایاب بۆ وێنەگرتن لە تاریکیدا.

براوە: Huawei Mate 20 Pro

  • کامێرای پێشەوە: هەرچەندە کاتێک چاو بە تایبەتمەندییەکاندا دەخشێنین هواوەیەکە زۆر باشتر دەردەکەوێت بەڵام لە ڕاستیدا ئایفۆنەکە سێڵفی جوانتر دەگرێت.

براوە: iPhone XR

  • بەرگەگرتنی پاتری: بەپێی ماڵپەڕی GSMarena و زۆرێک لە تاقیکردنەوەکانی یوتیوبەرە بەناوبانگەکان بەرگەگرتنی هواوەیەکە باشترە، بەڵام جیاوازییەکە ئێجگار گەورەش نییە، چونکە سەرەڕای پاترییە کەم فراوانییەکەی، بەڵام ڕوونی نزمی ڕوونمای ئایفۆنەکە هاوکاریەتی تەمەنێکی پاتری نایابی هەبێت.

براوە: Mate 20 Pro

  • ڕوونما: هەرچەندە ڕوونمای ئایفۆنەکە یەکێکە لە ڕوونما LCDە هەرە باشەکان بەڵام ڕوونمای هواوەیەکە Amoledە و بە گشتی باشترە، ڕوونیی ئێجگار بەرزترە، Contrast ratioی ئێجگار باشترە و بۆ بەکارهێنانی بەردەم تیشکی خۆریش گونجاوترە، هەردوو ڕوونماکە ڕووناکییەکی زۆر باش و بەرزیان هەیە.

براوە: Mate 20 Pro

هەردوو مۆبایل پشتیان شووشە و چوارچێوەیان ئەلەمنیۆمە و خاوەن وەشانی پێنجەمی بلوتوثن، هەردووکیان پارێزراون لە ئاو و تۆز بەڵام بڕوانامەی هواوەیەکە بەرزترە(IP68 بەرامبەر IP67)، هەرچەندە ئایفۆنەکە پشتگیری بارگاویبوونەوەی خێرا دەکات بەڵام بارگاویکەرەوەکەی خۆی توانای تەنها ٥ واتی هەیە و دەبێت بارگاویکەرەوەی دیکەی بۆ بکڕیت تا کارەکە خێراتر بکەیت! بەڵام بارگاویکەرەوەی هواوەیەکە توانای ٤٠ واتی هەیە و یەکێکە لە خێراترینەکانی جیهان! هەردوو مۆبایل پشتگیری بارگاویبوونەوەی بێ وایەر دەکەن بەڵام هواوەیەکە پشتگیری هی خێراتر دەکات بە توانای ١٥ وات.

هیچ کام لە مۆبایلەکان دەرچەی ٣.٥ میللی مەتری بیستۆکیان نییە بەڵام هواوەیەکە لایەنی کەم Infrared portی هەیە، هواوەیەکە دەرچەی USB Type-Cی هەیە کە هاوشێوەی دەرچەی ژمارەیەکی زۆر مۆبایلی دیکە و چەندەها لاپتۆپ(تەنانەت ماکبووکەکانی ئەپڵیش) و چەندەها تابلێتیشە(تەنانەت ئایپاد پڕۆ نوێیەکانی ئەپڵ!)، بەڵام ئایفۆنەکە خاوەن دەرچەی Lightningە و پێشبینی دەکرێت ئایفۆنەکانی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو دەرچەی USB Type-C لەخۆبگرن.

هواوەیەکە کەمێک ئەستوورترە و ئایفۆنەکە کەمێک قورسترە، جیاوازییەکان زۆر کەمن و شایەنی باس نین، هەردوو مۆبایل خاوەن ڕاگر(نۆچ)ی گەورەن بەڵام لێوارەکانی ئایفۆنەکە گەورەترن و بۆیەشە ڕێژەیەکی کەمتری ڕووەکەی بە ڕوونما داپۆشراوە، هەردوو مۆبایل Face IDیان هەیە بەڵام هواوەیەکە جگە لەوە هەستەوەرێکی پەنجەمۆری ژێر ڕوونماشی هەیە!

هەردوو مۆبایل پشتگیری ٢ سیم کارد دەکەن بەڵام یەکێک لە دوانەکەی ئایفۆنەکە لە جۆری eSimە لە کاتێکدا هی هواوەیەکە ٢ جێگای ئاساییە، هواوەیەکە پشتگیری جۆرێکی تایبەت لە بیرگەی دەرەکی دەکات(Nano memory کە نوێیە و دەستخستنی قورسە) بەڵام ئایفۆنەکە پشتگیری ناکات.

سەبارەت بە سیستەمەکانیش، ئەو لایەنە دەکەوێتەوە سەر خواستی بەکارهێنەر و سیستەمی دڵخوازی لە نێوان iOS و Android.

باڵادەستییەکانی Mate 20 Pro:

  • کامێرای سەرەکی
  • بەرگەگرتنی پاتری
  • ڕوونما
  • پارێزراوی باشتر لە ئاو و تۆز
  • بارگاویکەرەوەی خێرا لە ناو پاکەت لە جیات کڕینی بە جیا
  • بارگاویبوونەوەی بێ وایەری خێراتر
  • بوونی Infrared port
  • ڕێژەیەکی بەرزتری ڕوونما لە ڕووی پێشەوە
  • هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما
  • پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی
  • باڵادەستییەکانی ئەندرۆید و دڵخوازبوونی لای بەشێک لە بەکارهێنەران

باڵادەستییەکانی iPhone XR:

  • هێز و خێرایی بە تایبەت لایەنی گرافیک
  • کامێرای پێشەوە
  • ئێکسسواراتی زیاتر و باشتر(بۆ نموونە بەرگی پارێزەر)
  • باڵادەستییەکانی iOS و دڵخوازبوونی لای بەشێک لە بەکارهێنەران

 

ئەگەر ٨٠٠ بۆ ٨٥٠ دۆلار بدەیت بە مۆبایل کامیان هەڵدەبژێریت و بۆچی؟

18 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
239