سیستەمی وەگەرخەر

لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا مایکرۆسۆفت بە تەواوی پشتگیری خۆی لە Windows 10 Mobile دەوەستێنێت

لەو کاتەوەی کە مایکرۆسۆفت وەشانی ویندۆز فۆنی بۆ مۆبایلەکان لە ساڵی ٢٠١٠ ـەدا بۆ ڕکابەریکردنی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید بەردەستکرد، نەیتوانی جێگەی خۆی لە دڵی خەڵکیدا بکاتەوە و ببێتە جێی ڕەزامەندی بەکارهێنەران. لە پێشووتریشدا مایکرۆسۆفت درکی بە شکستهێنانی سیستەمەکە کردبوو و لە ساڵی ٢٠١٧ ـەدا ڕایگەیاند گەشەپێدانی سیستەمەکە دەوەستێنن بەڵام بەردەوام دەبن لە ڕەوانەکردنی نوێکارییەکان بۆ مەبەستی ئاسایش. بەڵام وا دیارە تەمەنی سیستەمە شکست خواردووەکەی مایکرۆسۆفت تەنها ئەمساڵی ماوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی مایکرۆسۆفت کۆمپانیاکە لە پلانیدایە لە ڕێکەوتی ١٠ ـی مانگی ١٢ ـی ئەمساڵدا بەتەواوی پشتگیری خۆی لە سیستەمی ویندۆز فۆن ١٠ بوەستێنێت و ڕەوانەکردنی نوێکارییەکان ڕابگرێت، دەربارەی وەستاندنی کۆگای ئەپەکانی سیستەمەکە ناڕوونە بەڵام کۆمپانیاکە ئەگەرێکی کەمی ئاشکرا کردووە بۆ بەردەوامی کارکردنی کۆگاکە. هەروەها کۆمپانیاکە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی سیستەمەکە دەدات تاوەکو سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠ پاشەکەوتی زانیارییەکانیان بکەن، لە پاش ئەو ڕێکەوتە پشتگیری ئەویش دەوەستێندرێت.

هەروەها مایکرۆسۆفت پێشنیار بۆ بەکارهێنەرانی ویندۆز فۆن دەکات لە دوای وەستاندنی پشتگیری لە وەشانەکە دەستبەرداری سیستەمەکە ببن و ببنە بەکارهێنەری سیستەمی ئای ئۆ ئێس یاخود ئەندرۆید. لە پێشووتریشدا مایکرۆسۆفت لە ساڵی ٢٠١٧ پشتگیری لە وەشانی ٨.١ ـی ویندۆز فۆن وەستاند و چیدیکە وەشانی نوێی بۆ ڕەوانە نەکرد. هۆکاری سەرەکی شکستهێنانی سیستەمەکە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی تایبەتمەندییەکانی لە بەرامبەر سیستەمەکانی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید و گرنگی پێنەدانی گەشەپێدەران لە ڕێگای درووستکردنی ئەپڵیکەیشن بۆی و بەدەستنەهێنانی ڕەزامەندی بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان. هەر بۆیە کۆمپانیاکە درکی بەو ڕاستییە کرد و بە پێویستی دەزانێت کۆتایی بە سیستەمەکە بهێنێت، لە ئێستادا کۆمپانیاکە تیشکی تەواوی خستۆتە سەر پەرەپێدان و درووستکردنی ئەپڵیکەیشن بۆ سیستەمەکانی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید.

18 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆژیادا تێکەڵم و ئاگاداری دواین هەواڵەکانی تەکنەلۆژیام بە گشتی. خولیام بۆ ته‌كنه‌لۆژیا وای كرد كه‌ له‌ كه‌ی ئای تی ئێن درێژە بە خزمەتەکانم بدەم و بەردەوامبم لە گەیاندنی هەواڵە گرنگ و نوێیەکانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی درووست بە خوێنەرانی کورد.
256