10
سۆنی 23, كانونی دووه‌م 2019

وێنەیەکی دزەپێکراو ڕووکاری پەڕەی سەرەکی مۆبایلی Xperia XZ4 پیشان دەدات

ئەمڕۆ وێنەیەکی نوێی پەڕەی سەرەکی لە ڕووکاری مۆبایلی Xperia XZ4 لە ئینتەرنێتدا بڵاوکرایەوە، بە هۆی وێنەکەش لەوە دڵنیادەبینەوە Xperia XZ4 خاوەنی ڕوونمایەکی درێژ دەبێت بە دووری 21:9، لەگەڵ ئەوەشدا وێنەکە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە مۆبایلەکە کاردەکات بە ڕووکارێکی بنیادنراو لەسەر سیستمی وەگەڕخەری ئەندرۆید پای 9.0، هەروەها لە وێنەکەشدا تێبینی بوونی شریتێک دەکەین لە لای ڕاستی ڕوونماکە هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا کاری سەرەکی ئەم شریتە دیار نییە بەڵام پێشبینی دەکرێت تایبەتمەندی Sony Side Sense بێت.

سەبارەت بەم تایبەتمەندیە ئەوا بۆ یەکەمجار بەردەستکرا لە مۆبایلی Xperia XZ3ـدا و کاری ئەم تایبەتمەندیەش خۆی دەبینێتەوە لە پیشاندانی چەند کورتکراوەیەکی ئەپەکانی نێو مۆبایلەکە و دەتوانرێت لە ڕێگای داگرتنی شریتەکە بۆ دوو جار چالاک بکرێت.

بە هەر حاڵ لە هەموو شتێکی Xperia XZ4 دڵنیادەبینەوە لە کاتی ڕاگەیاندنی لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلەکان MWC 2019، بڕیارە کۆنگرەکەش لە کۆتاییەکانی مانگی دووەمی داهاتوودا ببەسترێت لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانی و پێشبینیش دەکرێت کۆمپانیای سۆنی تێیدا مۆبایلی Xperia XZ4 Compact و چەند مۆبایلێکی دیکەی ئاست مامناوەند ڕابگەیەنێت.

تاگەکان Xperia XZ4
بۆچونی تۆ