جۆراوجۆر 12, شوبات 2013

بە دید و بۆچونی ئێوە ئایفۆن باشترە یان گالەکسی؟ لە ڕاپۆرتێکدا

پرسیارە زۆر دوبارە بووەکان پێویستە ورد لێیان بڕواندرێت و پرسیارکارانیش بتوانن وەڵامی خۆیان سەبارەت بە پرسیارەکانیان وەربگرن. لە ڕاستیدا ئەم پرسیارەی سەروەمان زۆر ئاراستە دەکرێت و ئەمەش بە هۆی ئەوەی خةڵکی لە ئێستادا دوو دڵن لەکاتی کڕینی ئامێرێک بۆ خۆیان و هەر لەبەر ئەمەش پرسیار دەکەن و دەڵێن ” بە دید و بۆچونی ئێوە ئایفۆن باشترە  یان گالەکسی؟”

بەڕێزان هەموو ئامێرەکان بەشی خۆیان کەم و کورتیان تێدا دەبینرێت و بەشی خۆشیان سود و قازانجیان هەیە، لەوانەیە هەندێک لە کۆمەڵێک ڕووەوە توانیبێتیان سەرەنجی ڕێژەیەکی زۆری بەکارهێنەری ڕابکێشن و هەندێکیشیان لەوانەیە بەهۆی چەند تایبەتمەندییەکی جیاوازەوە سەرەنجی بەکارهێنەرانیان ڕاکێشابێت. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە و پێویستە لەسەرەتادا ئاماژەی پێ بدەم و یەکەم شت خۆت دەبێت پرسیار لە خۆت بکەیت چی بۆتۆ باشە و لەگەڵ ژیانت گونجاوە و پێویستی ژیانتی بە ئاسانتر پێ جێ بەجێ دەکرێت. لەوانەیە پرسیار بکرێت خۆ مۆبایلە هۆشمەندەکان بەشێوەیەکی گشتی کار و فرمانیان وەکویەکە بەڵام وەکو ئاماژەم پێیدا لەسەروە تەنها شتانێکن وا لە بەکارهێنەرەکان دەکەن جۆرێکی تایبەتی مۆبایل بکڕن!

گرنگترین شت بۆ تۆی کڕیار ئەوەیە بەراوردی ناوەوەی مۆبایلەکان بکەیت وبزانیت لەڕووی تایبەتمەندی ڕام و پرۆسێسەر و یادی ناوەکییەوە مۆبایلەکانن چۆنن؟ ئەوەش یان لە ئینتەنێت خۆت بگەڕێ بۆی یان لەسەر بوخچە و پاکەتی مۆبایلەکە لەکاتی کڕین لەسەرییەتی هەمووی نوسراوە. لە ڕاستیدا ئەم تایبەتمەندیانەی وەکو ڕام و پرۆسێسەر پەیوەستن بە خێرای و جێبەجێکردنی مۆبایلەکە و بۆ یاری کردنیش سەرچاوەی سەرەکین. یەکەی یادی ناوەکیش بۆ پاشەکەوتکردن و پاراستنی زانیاری و ئەپ و کەلو پەلەکانە. ئەمانە بەزۆری لە مۆبایلە پلە یەکەکانی بازاڕ لە ئاستی بەرزدان و کێبەرکێکە چڕە و بەزۆری لەیەکەوە نزیکن.

سەبارەت بە شاشە (پەردە) ئەوەی من تێبینیم کردبێت ئەوە ڕێتینای ئایفۆن بۆ ڕوونی بینین بەرزترە و لەم نێوەندەدا لە گالەکسی لە پێشەوەیە! سەبارەت بەبوونی بلوتوس و NFC و Beam کە هەر یەکەیان هۆیەکی ئاڵوگۆڕکردنی بوخچە و پەڕگە و فایلەکانن ئەوە بە دڵنیاییەوە گالەکسی لە پێشترە. بۆ گۆڕانکاری لە شێوە و ڕووکاری سیستەمەکانیان ئەوا گالەکسی کە سیستەمەکەی ئەندرۆیدە بێ هیچ پڕۆسەیەک تەنها بە دابەزاندنی لۆنچەری جوان و قەشەنگ لە کۆگای گووڵ پلەی دەتوانیت گۆڕانکاری بکەیت بەڵام بۆ ئایفۆن سیستەمەکەی کە ئای ئۆ ئێسە ئەوە سنوردارە و بۆ گۆڕانکاری لە ڕووکار و سەر ڕووپەڕی سیستەمەکە ناتوانیت هیچ بکەیت تەنها بە ئەنجامدانی جەیلبرەیک نەبێت کە ئەویش لە لایەن هاکەرانەوە ئەنجامدەدرێت و لەلایەن ئەپڵیشەوە دژایەتی دەکرێت و ڕێی لێدەگیرێت. کەواتە بۆ ئەمەش هەر ئەندرۆیدی گالەکسی لە پێشترە.

دەربارەی پاتری ئەوە هەردوو جۆر مۆبایلەکە پاتری باشیان لەسەرە بەڵام ئەوەی پرسیاری لەسەر دەکرێت دەڵێن ئایا ئایفۆن چۆن پاتریەکەی بگؤڕین دوای تێکچوونی لە کاتێکدا کەپسە و داخراوە بەڵام بۆ گالەکسی کراوەیە و کەپس نییە؟ لە بنچیینەدا گەر لە پاتری ئایفۆن بڕوانین ئەوە لە مادەی پێشکەوتوو بەهێز دروست کراوە و بەرگەی کاتێکی باش دەگرێت بەمەرجێک مامەڵەی باشی لەگەڵ بکرێت. بۆ گالەکسی لە ڕاستیدا پاترییەکەی وەکو ئایفۆن لە کاڵای باش دروست نەکراوە وزوو زوو لەوانەیە توشی گۆڕینی پاترییەکەی ببیت.

سەبارەت بە کامێرا ئەوە لە ڕوونی بینیندا زۆر لەیەکەوە دوور نیین و ڕوونییەکەیان بە نزیکی وەکو یەکە، سەبارەت بە کاڵای بەکارهاتوو لە لاشەی دەرەوەیاندا ئەوە ئایفۆن شوشە و ئەلەمنیۆمە بەڵام گالەکسی پلاستیکە.

گرنگترین شت ماوە باسی بکەین کێشەی ئەپ و بەرنامە و یاری پێوست و پێشکەوتوویە لەسەر هەر دوو ئامێرەکە! لە ڕاستیدا و بێ هیچ لایەنگریەک ئەو ئەپ و یارییە ناوازە و پێشکەوتووانەی لەسەر ئایفۆن دەتوانرێت دەستبخرێن ئەوا لەسەر گالەکسی دەست ناخرێن! نمونەی ئەوەش چەندان بەرنامەی ئاین و پەروەردەی و پزیشکی و فەرهەنگ و…هتدە کە لەسەر ئایفۆن دەست دەکەون بەڵام بەداخەوە بۆ ئەندرۆید بوونیان نییە و ئەگەریش هەبن ناوەڕۆکیان بەتاڵە وبێسوود و سەرچاوەن. جێگیر و ڕێک و پێکی سیستەمەکەی ئایفۆن بەکارهێنەرانی دڵخۆشکردووە و ئەوپەڕی ڕێگەی ئاسان گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی بەکارهێنەری بە ئاسانی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئایفۆنەکەی دا بکات! بەڵا بۆ گالەکسی هەر ئەوەندەکەوتە بەردەستت ئەوا سامسۆنگ خاوەنی نییە و خۆت خاوەنی و دەبێت بزانیت چی لێدەکەت! ئەوەی زیاتر سەرسامی کردووم گووگڵ پلەی کۆگای بەرنامەکانییەتی کە پڕیەتی لە ئەپی بێ سوود و بێ کەڵک و نازانم چۆن گووگڵ ڕازیبووە بە دانانیان لە کۆگاکە! ئەوەی زیاتر منی نیگەران کردووە داگرتنی ناوەڕکی بەرنامەکانە لەناو مۆبایلەکە خۆیەوە! یاریێک دەکڕیت دەبینیت چەند کیلۆ بایتێکە بەڵام دوا داگرتنی لە گووگڵ پەلەی ئەوە پێویستە ناوەڕۆکەکەی دابگریت و کە دەیبینیت قەبارەی ناوەڕۆکەکەی زۆرە و لە ٥٠٠ مێگا تێپەڕی کردوووە ئەوە پەشیمان دەبیتەوە لە داگرتنی و دەڵێیت چۆن دڵم دێت مۆبایلەکەم ئەم هەموو قەبارەیەی پێ دابگرم! بەڵام بۆ ئایفۆن ئەمە هەمووی چارەسەر کراوە و لەکاتی کڕینی ئەپێک یان گەیمێک ئەوا ئەپەکە یان گەیمەکە یەک فایلە و پێویست بە داگرتنی ناوەڕۆک نییە و دەتوانیت لەسەر کۆمپیوتەرکەت بە بەکارهێنانی بەرنامەی ئایتیونسی ئەپڵ دایبگریت و دواتر بیخەیتە ناو ئایفۆنەکەتەوە!

بە کورتی بە پوختی ئێمە چەندە مۆبایلەکە بۆ باشی و کامێرا وقەبارەی بەرزی یەکەی یاد دەکرین ئەوەندەش بەلامانەوە گرنگ و پێویستە کە مۆبایلەکانمان تەواوی بەرنامەی پێویستی تێدا بێت و بتوانین سودی خۆمانیان لێ ببینین لە ژیانماندا! ئەوەی من لە کۆتایدا پێی گەیشتووم ئەوەیە کە گالەکسی لە ڕووی بوونی بەرنامەی پێشکەوتوو و سەرەکییەوە بێ کەڵکە و کۆگای بەرنامەکانی بێسوودە بەڵام بۆ ئایفۆن کۆگاکەی پڕییەتی لەو شتەی کە تۆ پێوستە و هەمووی لەوێدا دەست دەکەوێت!

دوای بیرکردنەوە لەم خاڵانەی سەرەوە خۆت سەرپشکی و خۆت بڕیار دەریت و هیوام وایە ئەم ڕاپۆرتە یارمەتی دەربوبێت!

بۆچونی تۆ