ئینتەرنێت

چۆن Pingـی ئینتەرنێت کەم بکەینەوە؟ هەتاوەکو ئاستێکی باشترمان هەبێت لە یاریەکاندا

بێگومان لە کاتی ئەنجامدانی یاریە سەرهێڵەکانی وەک پەبجی و فۆرتنایت ڕووبەڕووی لاگکردن و وەستانی کتوپڕی کەسایەتیەکانی نێو یاریەکە بوویتەوە، هەر بۆیە لەم کاتانەدا پێویستە دووبارە تەماشای Pingـی تایبەت بە ئینتەرنێتەکەت بکەیتەوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر زۆر بەرز بێت ئەوا ڕووبەڕووی کێشە دەبیتەوە لە کاتی ئەنجامدانی یاریە سەرهێڵەکاندا، هەر بۆیە ئەم بابەتەمان بۆ ئێوەی خوێنەر ئامادەکردووە هەتاوەکو هۆکار و چارەسەر و چۆنیەتی کارکردنی Ping بۆ ئێوە ڕوون بکەینەوە.

Ping چییە؟

ئەگەر پێناسەیەکی کورتی بکەین ئەوا Pingـی ئینتەرنێت بە پێوەری ڕێژەی پێش و پاش کەوتنی مەودای پەیوەندیکردن دادەنرێت، هەرچەندە زۆرینەمان بڕوامان وایە ئینتەرنێت تەنها خێرایی بەرزکردنەوە و داگرتنە بەڵام بێگومان خێرایی وەڵامدانەوەی پەیوەندیش گرنگە، هەر بۆیە ئەگەر لە حاڵەتێکدا Pingـی تایبەت بە ئینتەرنێتەکەت 98 مللی چرکە بێت ئەوا کاتی پێویستی وەڵامدانەوەی کۆمپیوتەرەکەت بۆ داوای کۆمپیوتەرێکی دیکە ئەم 98 چرکەیە دەبێت.

چۆن Pingـی ئینتەرنێتەکەت دەپێویت؟

بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە دەتوانیت سوود لە ماڵپەڕی بەناوبانگی Speedtest.net وەربگریت و پاش پێوانیشی ئەگەر تێبینیت کرد ڕێژەکە کەمترە لە 20 مللی چرکە ئەوا تۆ خاوەنی Pingـێکی زۆر باشیت، ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا ڕێژەکە زیاتر بوو لە 150 مللی چرکە ئەوا بە دڵنیایەوە لە کاتی ئەنجامدانی یاریە سەرهێڵەکان تێبینی هێواش وەڵامدانەوەی کەسایەتیەکان و ڕاوەستان و کارکردنی کتوپڕیان دەبیتەوە، ئەمەش هەلێکی باشتر دەدات بە دوژمنەکانت لە نێو یاریەکە.

چۆن Ping کەم بکەینەوە؟

بێگومان چەندین ڕێگا هەیە بۆ کەمکردنەوەی Ping، یەکێک لەو ڕێگایانە داخستنەوەی سەرجەم ئەپەکانی نێو ئامێرەکەتە لەگەڵ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ شتێک داناگریت لە کاتی یاریکردندا، بەڵام هەندێک کات بەرزی ڕێژەی Ping لەوانەیە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ژمارەی بەکارهێنەرانی سەر هێڵی ئینتەرنێتەکە و شێوازی بەکارهێنانیان، هەر بۆیە هەتاوەکو ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر هێڵێ ئینتەرنێتەکەتن زۆرتربن ئەوا بە دڵنیایەوە Pingـکەت ڕێژەکەی زیاتر بەرز دەبێتەوە، هەروەها دەتوانیت لە ڕێگای بەکارهێنانی کەیبڵەوە و بە پەیوەستکردنی ڕاوتەری ئینتەرنێت لەگەڵ ئامێرەکەت خێرایی وەڵامدانەوەی پەیوەندی باشتر بکەیت.

لێرەشدا پێشنیاری بەکارهێنانی کەیبڵی جۆری RJ 45 دەکەین هەتاوەکو لە ڕێگایەوە هێڵی ڕاوتەرەکەت پەیوەست بکەیت لەگەڵ ئەو ئامێرەی بەکاریدەهێنیت، هۆکارێکی دیکەی بەرزی Ping دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کێشە لە ئامێری ڕاوتەرەکەت، ئەویش لەوانەیە جۆرێکی کۆن بێت و پێویست بە گۆڕینی بکات یان وایەرەکانی تایبەت بە ڕاوتەرەکە کۆن بووبن و شی بووبنەوە، هەر بۆیە لەم حاڵەتەدا باشتر وایە ئەم پارچانەی تایبەت بە ڕاوتەرەکەت نوێ بکەیتەوە و بیانگۆڕیت، هەروەها هەتاوەکو بتوانیت نزیکتر ببیتەوە لە هێڵی ئینتەرنێتەکەت ئەوا Pingـێکی باشتر بۆ ئامێرەکەت بەردەست دەکەیت.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر سەرجەم هەنگاوەکانی سەرەوەت جێبەجێکرد و سەرکەوتوو نەبوویت لە کەمکردنەوەی ئەوا لەوانەیە هۆکاری ئەمە بگەڕێتەوە بۆ بوونی کێشەیەک لە هێڵی ئینتەرنێتەکەت، هەر بۆیە لێرەدا پێویستە پەیوەندی بکەیت بە کۆمپانیای پێدەری ئینتەرنێت هەتاوەکو چارەسەری کێشەکەت بکەن، بەڵام لەوانەیە هێڵێ ئینتەرنێتەکەت کێشەی تێدا نەبێت و لێشی نزیک بیت لەم حاڵەتەدا هۆکار ئەو خزمەتگوزاریەیە بەکاریدەهێنیت و بە شێوەیەکی گشتیش لە کوردستان زۆرینەی خەڵکی هەتاوەکو ئێستاش کێشەی خراپی هێڵی ئینتەرنێت و گرانبوونی خزمەتگوزاریەکەیان هەیە.

لە کۆتاییشدا تۆ چ شێوازێک بەکاردەهێنیت بۆ کەمکردنەوەی Ping لە کاتی یاریەکاندا؟ و بەرزترین ڕێژەی Pingـکەشت چەندە؟

29 كانونی دووه‌م، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
870