هەواڵ 30, كانونی دووه‌م 2019

یاریەکانی داهاتووی ستۆدیۆی Quantic Dream چیدیکە بۆ سەکۆی پلەیستەیشن بڵاوناکرێنەوە

ستۆدیۆی Quantic Dream ڕۆژی ڕابردوو بە فەرمی ڕایگەیاند یاریە نوێیەکانیان بۆ سەکۆی پلەیستەیشن 4 بڵاوناکەنەوە بەڵکو دەیانەوێت سەکۆکانی دیکەش پشتگوێ نەخەن و یاریەکان بۆ ئەو سەکۆیانە ڕابگەیەنن، هەروەها لە گفتوگۆیەکی Guillaume de Fondaumiere کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ستۆدیۆکە بۆ ماڵپەڕی Venture Beat وتی:

ئەمە گۆڕانکاریەکی گەورەیە بۆ ئێمە پاش ئەوەی بۆ ماوەی 12 ساڵ یاریمان بۆ سەکۆی پلەیستەیشن گەشەپێدا، لە هەمان کاتیشدا هەستاین بە دروستکردنی چەندین بزوێنەر بۆ ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و ئێکس بۆکس و پلەیستەیشن 2 و 3 و 4، هەر بۆیە ئێمە دڵنیاین لەوەی دەتوانین کارەکانمان بگوێزینەوە بۆ سەکۆکانی دیکە و لە هەمان کاتیشدا ئەم ئاستە بەرزەش بپارێزین، هەروەها فێری زۆر شت بووین لە ماوەی درێژی کارکردنمان بۆ پلەیستەیشن، ئێستاش کاتی ئەوەیە ئەزموونەکانمان بگوێزینەوە بۆ سەکۆکانی دیکە.

شایەنی باسە لە کۆتا کارەکانی ئەم ستۆدیۆیە یاری Detroit: Become Humanـە و لە مانگی پێنجەمی ساڵی 2018ـدا بەردەستکرا بۆ سەکۆی پلەیستەیشن 4، هەروەها یاریەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا بە شێوەیەک بووە سەرکەوتووترین کارەکانی Quantic Dream، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت ستۆدیۆکە بە هۆی سەرکەوتنەکانی لە پێشوودا بە هەمان شێوە بتوانێت لەسەر سەکۆکانی دیکەش هەمان سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

تاگەکان Quantic Dream
بۆچونی تۆ