بیروڕا

زانیوتانە ڕۆژانە تەنها بە لایک و کۆمێنت لە پشتی کۆمپیتەرەوە دەیان ئۆتۆمبێل دەکرێنە دیاری!

کاتێک سەرقاڵی نووسینی ئەم وتارە بووم نەمدەزانی لە کوێوە دەست پێ بکەم، چونکە بەڕاستی لە دونیای تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیادا ئێمەی کورد زۆر لە دواوەین، من پێش ئەوەی بڕیاری نووسینی ئەم بابەتە بدەم بڕیاری ئەوەمدا ناوی سەرجەم ئەو لاپەڕە و هەژمار و کەسایەتیان وەک نموونە بهێنم بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون ببێتەوە کە چی دەگوزەرێت، بێ ئەوەی بچێتە چوارچێوەی بانگەشە کردن.

ئاخر لەم وڵاتەدا بە دەیان و هەزارن گەنج هەن کە لە پشتی کۆمپیوتەرەوە دانیشتوون بێ ئەوەی بیر لە هیچ بکەنەوە و بە مەبەست و مەرامی تایبەتی خۆیان تەکنەلۆژیا بە هەڵە بەکار دەهێنن، کاتێکیش دێنە سەر شەقامەکان پڕ بە دەنگ هاوار دەکەن و ڕەخنە لە حکومەت دەگرن کە کارێکیان بۆ دابین ناکات، ئێ خۆ کار دابین کردن لەسەر پێوەری لاپەڕە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هەڵە بنیاد نانرێت، سەدان گەنج هەن دەیان لاپەڕەی نافەرمی و ساختە (Fake Page) کردووەتەوە لە ژێر ناوی کوردستان ٢٤ و ڕوودا و ئێن ئاڕتی و گروپی نالیە و نەوەی نوێ و کوردسات و هتد… وێنەی چەندین ئۆتۆمبێل دادەنێن و دەڵێن کاک و دادە فڵان ئەم ئۆتۆمبێلە دەکاتە دیاری لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر! ئیدی کە سەیری توانجەکان (کۆمێنتەکان)ـی ئەم بابەتە دەکەیت دەبینی هەزاران و سەدان هەزار کۆمێنت و ڵایک و شەیری بۆ هاتووە، ئاخر خۆ بە یەک کرتە کردن لەسەر ناوی لاپەڕەکە تێ دەگەیت کە ئەم لاپەڕەیە فەرمی نیە و بۆ مەبەستی تایبەتی بەکاردەهێنرێت. پاشان پێتوایە ئەم کەناڵانە بەم شێوەیە ئەم شتە گرانبەهایانە بکەنە دیاری. لە ڕاستیدا ئەگەر کاڵایەکی شایستە بەوە بوایە، ئەوا لەوەیە وتەکانم هەڵەبوونایە.

ئینجا چەندین هاوڕێی خۆم بینیوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە کۆمێنت بۆ ئەم بابەتانە دەنووسن و هاوبەشی (شەیر)ـی بابەتەکانیان دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا ئەم هەڵەیە لەسەر دوو لا دەوەستێت هەم ئەو کەسەی لاپەڕەکان بەڕێوە دەبات، و هەم ئەو کەسەی ڵایک و کۆمێنت و هاوبەشی پێ کردنی ئەم بابەتە نا درووستانە دەکات.

بە پێی ئەم هەواڵانە بێت دەبێت هاوڕێکانم هەموو ئۆتۆمبێلی مۆدیل ٢٠١٨ و ٢٠١٩ لێبخوڕن، لە کاتێکدا زۆربەیان خوێندەوارن و تێدەگەن کە کامە لاپەڕە فەرمیە و کامە نا فەرمیە! ئێمە زۆر جار لەگەڵ هاوڕێیان و نووسەرانی ئەم تۆڕە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی خەڵکی ئێمە شتی بە سوود و گرنگی ناوێت و بە دوای ناکەوێت، بەداخەوە. ئەوەتا بابەت هەبووە لەم تۆڕە زیاتر لە ٢ کاتژمێر پێوەی خەریک بووینە تا نووسیومانە کەچی لە ٥ توانج یان هاوبەشی پێ کردن (شەیر)ـی بۆ نەهاتووە، زۆر جار سارد بوونەوەی زۆر نووسەر و وازهێنانی نووسەرەکان لەسەر ئەم شتانە بووە، چونکە گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامەی کە بێ سودە خزمەتی لەبەرچاو نەگیراو و بێ بەرامبەر.

لە کۆتاییدا دەڵێم ئەگەر بنوسم هەر بەدوایدا دێت و قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت، ئەوەی ماوەتەوە بۆ ئێوەی لێ دەگڕێم و ڕای خۆتان لە کۆمێنتەکان بنوسن.

12 شوبات، 2019
ئاڤاتار
دەرچووی به‌شی كارگێری كۆلیژی به‌رێوه‌بردن و ئابوریم، و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینم له‌ ماڵپه‌ری تۆڕی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری كوردی، وه‌كو شاره‌زا له‌ بواری خۆپاراستن و كۆمپیوته‌ر و هه‌ردوو سیسته‌می ویندۆز و ماك ئۆ ئێكس و مۆبایل به‌ تایبه‌ته‌ی ئامێره‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ و سیسته‌می iOS و Android کاردەکەم و لەو بوارە دەنوسم. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌ تێكه‌ڵم. هه‌وڵ ده‌دەم به‌رگێكی تازه‌ به‌به‌ر شێوازی ڕاگه‌یاندنی ته‌كنه‌لۆژیادا بكەم له‌كوردستان وده‌مەوێت بیخەمە سه‌ر ڕێڕه‌ویی جیهان و له‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌نگاو بنێت.
267