ئەپڵ

بە شێوەیەکی نافەرمی ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی WWDC ـی ئەمساڵی ئەپڵ ئاشکرا کرا

وەکو ساڵاکانی پێشوو، بۆ ئەمساڵیش ئەپڵ کۆنگرەی WWDC (کۆنگرەی جیهانی گەشەپێدەران – Worldwide Developers Conference) بە ئامادەبوونی سەدان گەشەپێدەر لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ نمایشکردنی وەشانە نوێیەکانی سیستەمەکانی ئەنجام دەدات. هەر بەم بۆنەیەوە ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی ئەمساڵی کۆنگرەکەی ئەپڵ ئاشکرا کرا.

پێگەی MacRumors ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی WWDC ـی ئەمساڵی لە ڕێگای لیستی بۆنەکانی ئەمساڵی شاری سان خۆسێی کالیفۆڕنیا لە ئۆفیسی کاروباری ڕۆشنبیری شارەکە ئاشکرا کرد. بە پێی لیستەکە بێت، کۆنگرەکەی ئەمساڵی ئەپڵ لە ڕێکەوتی 3 ـی مانگی 6 دەست پێدەکات و تاوەکو 7 ـی هەمان مانگ بەردەوامی دەبێت، شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە لە هۆڵی McEnery لە ناوەندی شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا دەبێت.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئەپڵ لە کۆنگرەی WWDC ـی ئەمساڵدا نمایشی بکات، هەریەکە لە وەشانە نوێیەکانی iOS 13 و macOS 10.15 و tvOS 13 و watchOS 6 ـە.

هەرچەندە هەواڵەکە لە لایەن پێگەیەکی تەواو باوەڕپێکراو وەرگیراوە، بەڵام هێشتا پێویستە چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ڕێکەوتی فەرمی ئەنجامدانی کۆنگرەکە لە لایەن ئەپڵەوە بکەین چونکە ئەپڵ بۆی هەیە دەستکاری کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە بکات. لەبەر ئەوە لەگەڵمان بمێننەوە!

سەرچاوە :
12 شوبات، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
690