ئەپ و نەرمەکاڵا
11, ئازار 2019
ئەدۆبی بە یەکجاری کۆتایی بە ئەپی Adobe Shockwave دەهێنێت و چیدیکە گەشەی پێنادات

ئەپی Adobe Shockwave (سەرەتا بە ناوی Macromedia Shockwave) لە ساڵی 1995 ـەوە لە لایەن کۆمپانیای Macromind ـەوە درووستکرا و لە ساڵی 2005 کۆمپانیای ئەدۆبی بووە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەپەکە. ئەپەکە بەکاردێت بۆ درووستکردنی یاری و ڕەنگاڵەکان لە وێب، لە ڕابردوودا چەندان یاری وێب لە ڕێگای ئەپەکەوە درووست کراون، بەڵام ئەدۆبی دەست لە گەشەپێدانی ئەپەکە هەڵدەگرێت و بە کۆتای دەهێنێت.
کۆمپانیای ئەدۆبی ڕایگەیاند لە ڕێکەوتی 9 ـی مانگی داهاتووەوە (4) ئەپی Adobe Shockwave ڕادەگیرێت و چیدیکە پشتگیری ئەپەکە ناکات و گەشەی پێنادات، هەروەها لە هەمان کاتدا بەردەستکردنی ئەپی Adobe Shockwave Player بۆ داگرتن لە ویندۆز ڕادەگرێت. کۆمپانیاکە لە پێشوودا و لە 2017 بەردەستکردنی ئەپی Adobe Shockwave Player ـی بۆ ئامێرەکانی ماک ڕاگرتبوو.
کۆمپانیاکە هۆکاری کۆتایی پێهێنانی ئەپەکەی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند کە چوونی لێشاوی هاوڵاتیان بۆ سەر سەکۆی مۆبایل و پەیدابوونی HTML5 و WebGL لە گرنگترین هۆکارەکانی لەناوچوونی ئەپەکەن.
ئەگەر بەکارهێنەرێکی ئەپەکەیت، پێویستە لە ئێستاوە جێگرەوەیەکی بۆ بدۆزیتەوە، چونکە بەمنزیکانە کۆتایی پێدێت.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.