10
ڕێنمایی 13, ئازار 2019 بۆچوون

چۆن بتوانم بڕیاری ڕاستترین هەڵبژاردە بدەم لە کاتی کڕینی مۆبایل؟

ئەمە پرسیارێکە و ڕەنگە زۆربەمان کاتێک دەمانەوێت ئامێرێکی نوێی مۆبایل بکڕین بێتە مێشکمانەوە و بیرمان بۆی بچێ و بە دوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین.

بەڕێزان لە سەر و بەندی ئەو پێشکەوتنە خێرایەی کە لە دونیای تەکنەلۆژیای ئەمرۆ روودەدات، و ئامێرەکانی مۆبایلیش لە لووتکەی ئەو پێشکەوتنە خێرایەدا شوێنی خۆی توند کردووە، و بە شێوەیەکی خێرا و سەرسوڕهێنەرانە لە پێشەکەوتن دایە و تەنانەت بە جۆرێکە هەندێ کات ناتوانین بەو خێراییە پێی رابگەین، کە ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە بۆ ئەو کێبەرکێ توندەی لە نێوان کۆمپانیاکانی مۆبایل دا هەیە لەسەر زۆرترین فرۆش و گەیشتن بە لووتکە و مانەوە تێیدا و بە دەست هێنانی زۆرترین قازانج لە لایەک، و زۆربوونی براندەکانی مۆبایل و مۆدێلەکانیان لە لایەکی ترەوە.

دەرچوونی ئەو هەموو مۆدێلە نوێیەی مۆبایل کە بە شێوەیەکە وای لێ هاتووە چەند مانگ جارێک مۆدێلێکی نوێ دەر دەچێت، و ساڵانەش هەر کۆمپانیایەک چەندەها مۆدێلی نوێی خۆی دەردەکات بە تایبەتمەندی جیاوازەوە. ئەمە وای کردووە سەر لە کڕیار تێک بدات و بکەوێتە دوودڵی و دڵەراوکێیەکی زۆرەوە کە نەزانێت چ مۆدێلێک بکڕێت و هەڵی بژێرێت.

لێرەدا هەوڵدەدەم چەند خاڵێک روونبکەمەوە کە ببێتە بەرچاوڕوونیەک بۆ تۆ و بتوانیت خۆت بریار بدەیت کە چی بۆ تۆ باشە و چی بکڕیت و چی نەکڕیت.

سەرەتا دوای ئەوەی بریارت دا کە مۆبایلێکی نوێ بکریت، ئەوا پێویستە لەسەرت بڕی ئەو پارەیە دیاری بکەیت کە ئامادەی لە کرینی مۆبایلێک خەرجی بکەیت، دواتر خۆت یەک لای بکەرەوە کەوا بۆ چ جۆرە بەکارهێنانێک ئەو مۆبایلە دەکڕیت کە ئایا بۆ بواری یاریکردنە (Gaming) و دەتەوێ یاری پێ بکەیت یان زیاتر بۆ وێنە گرتن و چرکاندنی وێنەی ناوازەتە، یان تەنها بۆ بەکارهێنانێکی ئاسایی رۆژانەتە، چونکە بۆ هەر کامێک لەم بوارانەت بێت ئەوا مۆبایلی تایبەت بە خۆیان هەیە، و دەبێت هەوڵبدەیت بیدۆزیتەوە بۆ ئەوەی ئامانجی کڕینی مۆبایلەکەت بپێکیت، ئەمەش چونکە رۆژانە چەندەها کەس دەبینین مۆبایلێکی کڕیوە و لێی پەشیمانە و حەزی پێ ناکات. هەڵبەت نەک لەبەر ئەوەی کە لەوانە بێت مۆبایلەکەی خراپ بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەم حەزی بە مۆبایلێک بووە کە کامێرای باش بێت، بەڵام مۆبایلێکی کڕیوە کە پاترییەکەی بەهێزە یان مۆبایلێکی ویستووە کە بۆ بواری یاری ڤیدیۆی Video Gamesو یاری کردن،کە چی مۆبایلێکی کڕیوە کە کامێراکەی بەهێزە.

بۆیە ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین بۆ هەر کام لە بوارەکان چەند مۆبایلێک و تایبەتمەندیەک بۆ ئێوە  پیشنیار بکەین تا بتوانن باشترین هەڵبژێرین بە پێی ویست و ئارەزووتان:

یەکەم: ئەگەر تۆ کەسێکی گەیمەری و حەز دەکەی یاری بە مۆبایل بکەی ئەوا پێویستە لە کاتی کڕینی هەر مۆبایلێک تایبەتمەندییەکانی لەمانە کەمتر نەبێت:

  • ڕام:  ٦ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی: ١٢٨گێگابایت
  • پرۆسێسەر: لە جۆرەکانی سناپدراگۆن ٦٦٠ بەرەو سەر، کیرن ٩٧٠ بەرەو سەر، ئێگزینۆس ٨٨٩٥ بەرەو سەر.
  • پاتری: ٤٠٠٠ مللی ئەمپێر کەمتر نەبێ.

کە بێگومان دەتوانیت ئەم تایبەتمەندییانە لەم مۆبایلانە بەدەست بخەیت، وەکو: ئایفۆن ١٠، ١٠ ئێس ماکس، ١٠ ئێس و ٨ پڵەس،.. گالەکسی ئەی ٩، ئێس ٨ پلەس، ئێس ٩، نۆت ٨، نۆت ٩، ئێس ١٠ پلەس…، شاومی می ٨، می میکس ٣، بلاک شارک، پۆکۆفۆن ئێف یەک، می هەشت لایت، می ئەی دوو…، هواوی نۆڤا ٣، مەیت ٢٠، مەیت ٢٠ پرۆ، مەیت ١٠ پرۆ….، ئۆنەر ڤیوو بیست، ئۆنەر پلەی…

دووەم: ئەگەر تۆ کەسێکی و حەز بە وێنە گرتن دەکەیت و حەز دەکەیت وێنەی ناوازە بگریت، ئەوا یەکەم خاڵی تۆ دەبێت جەخت بکەیتە سەر جۆر و چەندێتی کامێرای مۆبایلەکەت، و هەوڵ بدەیت مۆبایلێک بکڕیت کە کامێراکانی دواوەی دوانە یان سیانە کامێرا بێت و لە ٢٤ مێگاپێکسڵ کەمتر نەبێت و کامێرای سێلفیەکەشی لە ٢٠ مێگاپێکسڵ کەمتر نەبێت، ئەمە هەرچەندە مێگاپێکسڵ لە کامێرادا هەموو شتێک نییە، بەڵکو فەتحی حەدەسە وات کرانەوەی هاوێنە و مارکەی کامێرەکە و لێنزەکان و فلاشیش دەوری گەورەیان هەیە تیایدا، بۆیە بە تەنها نابێت ڕوومان تەنها لە ژمارەی مێگاپێکسڵ بێت، کە دەتوانیت ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە لەم مۆبایلانە بەدەست بخەیت، وەک: گالەکسی ئێس ٨ و ٩ پلەس، نۆت ٨، نۆت ٩، ئەی ٧ی ٢٠١٨، ئەی ٩…، هواوی نۆڤا ٣، مەیت بیست پرۆ، مەیت بیست، مەیت ١٠ پرۆ، پی بیست پرۆ،.. شاومی ئەی ٢، می ٨، می میکس ٣، پۆکۆفۆن، نۆکیا ٨، نۆکیا ٨ سیرۆکۆ…، ئۆنەر ڤیو بیست، ئۆنەر ٨ ئێکس.. ئایفۆن ئێکس، ئێکس ماکس، ئێکس ئار، ئێکس ئێس…)

سێیەم: ئەگەر تۆ کەسێکی تەنها دەتەوێت مۆبایلەکەت بۆ کارئاسانی رۆژانە و پەیوەنیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبووک و یوتیوب بە کاربهێنیت، ئەوا هەوڵ بدە مۆبایلێکی ئاست مامناوەند بکریت، و لەم تایبەتمەندیانە کەمتر نەبێت:

  • ڕام: ٣ یان ٤ گێگابایت
  • بیرگەی ناوەکی: ٣٢ یان ٦٤ گێگابایت
  • پاتری: ٣٠٠٠ مللی ئەمپێر

کە دەتوانیت ئەم تایبەتمەندیانە لە زۆر مۆبایل بە دەست بخەیت، وەکو: گالەکسی جەی ٦ پلەس، ئەی ٦، جەی ٤ پلەس، جەی ٧ پرایم.. شاومی نۆت ٦،  ئەی دوو لایت، رێدمی ٦، ئێس ٢، رێد می ٥،… هواوی وای ٩، وای ٧، وای ٦، پی سمارت،.. نۆکیا ٣، نۆکیا ٦، ئۆنەر ٧ ئەی، ئۆنەر ١٠ لایت، ئایفۆن ٦ ئێس و جی،…

هەروەک تکام وایە لە کاتی کرینی هەر جۆرە مۆبایلێک لە بریکارە باوەڕپێکراوەکان و کۆمپانیاکانەوە بکڕن و دڵنیابنەوە کە مۆبایلەکانتان بە گرەنتیەوەیە و چاککردنەوە و ئێکسواراتیان هەمووی هەیە و ڕیفێربش و کۆپی نین و یان لە کارتۆن نراوە نین، هەروەها دوور بکەونەوە لە چاو لێکەری ئەم و ئەو و ئەوە باشە و ئەوە خراپە بە قسەی ئەم و ئەو و هەمیشە پرسیار لە کەسانی شارەزا لەو بابەتە بکەن با نەکەونە زیان و پەشیمانییەوە.

بۆچونی تۆ