ئۆتۆمبێل
15, ئازار 2019
تێسلا ئۆتۆمبێلی کارەبایی Tesla Y ـی بە نرخی دەستپێکی 39.000$ ـەوە نمایشکرد
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کۆمپانیای تێسلای ئەمریکی بە ئامادەبوونی ئیڵۆن مەسک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە نوێترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە ناوی Tesla Y ـەوە نمایشکرد، هاوکات کۆمپانیاکە لەگەڵ نمایشکردنیدا نرخ و کاتی بەردەست کردن و چەند تایبەتمەندییەکی لە ئۆتۆمبێلەکە ئاشکراکرد.
دوێنێ ئیڵۆن مەسک لەسەر سەکۆی نمایشکردنی ئۆتۆمبێلە نوێیەکەیان ئامادەبوو و ئۆتۆمبێلەکە کارەباییە نوێیەکەیانی نمایشکرد، ئۆتۆمبێلی Tesla Y لە جۆری SUV ـە و تەنها بە ڕێژەی 10٪ قەبارەی گەورەترە لە جۆری 3. ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی تێسلا بە 4 جۆر بەردەست دەکرێت، ئەمانە توانا و نرخی جۆرەکانی ئۆتۆمبێلە کارەباییە نوێیەکەی تێسلان:
مەودا مامناوەند(Standard Range) : توانای بڕین: 230 میل. بەرزترین خێرایی: 120 میل لە کاتژمێرێک. خێرایی لە 0 تا 60 میل: 5.9 چرکە. نرخ: 39.000$.
مەودا درێژ(Long Range) : توانای بڕین: 300 میل. بەرزترین خێرایی: 130 میل لە کاتژمێرێک. خێرایی لە 0 تا 60 میل: 5.5 چرکە. نرخ: 47.000$.
دوو مەکینەی AWD : توانای بڕین: 280 میل. بەرزترین خێرایی: 135 میل لە کاتژمێرێک. خێرایی لە 0 تا 60 میل: 4.8 چرکە. نرخ: 51.000$.
کارامە(Performance) : توانای بڕین: 280 میل. بەرزترین خێرایی: 150 میل لە کاتژمێرێک. خێرایی لە 0 تا 60 میل: 3.5 چرکە. نرخ: 60.000$.
ئۆتۆمبێلی Tesla Y جێگای 7 سەرنشینی دەبێت، هەروەها خاوەن ڕوونمایەکی 15 ئینج دەبێت لە ناوەوە. لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن تایبەتمەندی خۆلێخوڕ (self-driving) ـیش دەبێت.
جۆرەکانی Long Range و دوو مەکینەی AWD و کارامەی تێسلا نوێیەکە پایزی ساڵی داهاتوو بەردەست دەکرێن، هەروەها جۆری Standard Range لە بەهاری ساڵی 2021 ـەدا بەردەست دەکرێت.
ئۆتۆمبێلی Tesla Y بووە پێنجەمین جۆری ئۆتۆمبێلی کارەبایی کۆمپانیای تێسلا لە ساتی دامەزراندییەوە تاوەکو ئێستا، هەروەها یەکەمین بەرهەمی ئەمساڵی کۆمپانیاکە بوو. کۆتا جۆر کە تێسلا نمایشی کردبوو ئۆتۆمبێلی کارەبایی Tesla 3 بوو لە ناوەندی ساڵی 2017 ـەدا بە نرخی دەستپێکی 35.000$ ـەوە.
VIDEO
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.