هەواڵ

بەهۆی یاری پەبجییەوە پۆلیس 10 گەنج دەستگیر دەکات لە ویلایەتی Rajkot

هەندێک لە وڵاتەکان لە ماوەی ڕابردوودا و پاش بڵاوبوونەوەی یاری پەبجی هەستان بە پەیڕەوکردنی ڕێوشوێنی توند لەسەر بەکارهێنەرانی یاریەکە، ئەمەش بە تایبەت لەو وڵاتانەدا کە بە شێوەیەکی خێرا یاری پەبجی لە نێو گەنجەکانیدا بڵاوبووەتەوە و لێرەشدا مەبەستمان لە وڵاتی هیندە، بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی Indian Express لە ماوەی ڕابردوودا پۆلیسی ویلایەتی Rajkot هەستاوە بە دەستگیرکردنی کۆمەڵێک گەنج بە هۆکاری ئەنجامدانیان بۆ یاری پەبجی لە شوێنێکی گشتیدا.

بە پێی ڕاپۆرتەکە ئەو 10 گەنجەی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران، لە کاتی پڕۆسەی دەستگیرکردنەکەدا بە شێوەیەک ڕۆچووبوونە نێو یارییەوە بە تەواوی بێ ئاگا بوون لەوەی لە دەوروبەریان دەگوزەرێت و هێزی پۆلیس دەوروبەرییان گرتووە، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتەکە لە ئێستادا پۆلیس هەڵدەستێت بە دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی یاری پەبجی ئەنجام دەدەن و ئەگەریش مۆبایلی هەر بەکارهێنەرێک یاری پەبجی تێدا جێگیر کرابێت ڕاستەوخۆ مۆبایلەکەی لێ وەردەگیرێت.

هەروەها ئەگەر بەکارهێنەر لە کاتی ئەنجامدانی بۆ یاریەکە دەستگیر بکرێت ئەوا وەک سەرپێچییەک بڕێک پارەی لێوەردەگیرێت تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەکارهێنەر زیندانی دەکرێت، هۆکاری ئەم دەستگیرکردنانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یارییەکە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی سەرقاڵکردنی خوێندکاران لە خوێندنگاکاندا و تەنانەت ئەم حاڵەتە گەیشتووەتە فەرمانبەرانی دەزگا حکومییەکان و بووتە هۆکاری دوورکەوتنەوەیان لە کارەکانیان و جێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی پێویست.

16 ئازار، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
802