10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 24, ئازار 2019

کەلێنێک لە وێبگەڕی Safari ڕێگە بە هاککەران دەدات دەست بەسەر کۆمپیوتەرەکەتدا بگرن

سەفاری وێبگەڕە جێگیرەکەی هەردوو سیستمی ئای ئۆ ئێس و ماک ئۆ ئێسە و بێگومان یەکێکە لە باشترین وێبگەڕەکان لە ڕووی ئاسانی بەکارهێنان و خێراییەوە، بەڵام وا دیارە لە ڕووی ئاسایشییەوە بەم شێوەیە نییە و پارێزراو نییە، ئەمەش لە ماوەی ڕابردوودا پشت ڕاست کرایەوە کاتێک بە شێوەی ڕاستەوخۆ چۆنیەتی هاککردنی وێبگەڕەکە پیشاندرا ئەمەش لە کۆنگرەیەکی تایبەت بە شارەزایانی ئاسایشی کە ئەنجامدرا لە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدی.

بە پێی ئەوەی لە کۆنگەرەکەدا پیشاندرا ئەوا لە ئێستادا دوو کەلێنی ئاسایشی بوونی هەیە لە وێبگەڕی سەفاریدا، یەکەمیان لە ڕێگایەوە دەتوانرێت سندوقی ئەپڵ Sandbox تێبپەڕێندرێت، هەرچەندە ئەم کەلێنە گومانی تێدا نییە خراپە بەڵام کەلێنی دووەمیان تا ڕادەیەکی زۆر مەترسیدارە چونکە لە ڕێگایەوە هاککەر دەتوانێت بە تەواوی دەست بگرێت بەسەر ئامێری بەکارهێنەردا، شایەنی باسە ئەمە یەکەم جار نییە کەلێنی لەم شێوەیە دەدۆزرێتەوە لە وێبگەڕەکەدا بە شێوەیەک ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2018 کەلێنێکی ئاسایشی هاوشێوە 0day ئاشکرا کرا و لە ڕێگایەوە هاککەر دەیتوانی دەست بگرێت بەسەر شریتی لەمس Touch Bar لە ئامێرەکانی MacBookـدا.

ئەوەی لێرەدا گرنگە کۆمپانیای ئەپڵ ئاگاداری یەکێک لەم دوو کەلێنەیە بە لایەنی کەمەوە، لە ئێستاشدا ناوبراو بێگومان ئاگاداری کەلێنی دووەمە هەر بۆیە هیوادارین بە زووترین کات چارەسەری کەلێنەکان بکات هەتاوەکو زیانی نەبێت بۆ بەکارهێنەران هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک لە بارەی بەکارهێنەرێکی زیان لێکەوتوو بەم کەلێنە نییە، هەروەها شایەنی باسە ئەو شارەزایانەی سەرکەوتوو بوون لە دۆزینەوەی کەلێنەکان بە بڕی 45 هەزاری دۆلار خەڵات کران.

تاگەکان Safari
بۆچونی تۆ