هەواڵ
27, ئازار 2019
هواوەی بیستۆکی بێوایەری FreeLaceـی بە تایبەتمەندی ناوازە و بەرگەگرتنی بۆ 18 کاتژمێر لە کارکردن ڕاگەیاند

کۆمپانیای هواوەی لە کۆنگرەی ڕاگەیاندنی بۆ هەردوو مۆبایلی P30 PRO و P30ـدا چەند بەرهەمێکی دیکەشی ڕاگەیاند لەو بەرهەمانەش بیستۆکی بێوایەری FreeLace بوو، ئەم بیستۆکە لە ڕووی دیزاینەوە شێوەیەکی جیاواز و جوانی هەیە و خاوەنی چەندین تایبەتمەندی ناوازەیە، لە تایبەتمەندیەکانی بیستۆکەکە دەتوانیت لە ڕێگای دەرچەی USB Type-Cـەوە و پاش پەیوەستکردنی بە مۆبایلەکەتەوە ڕاستەوخۆ بارگاوی بکەیتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تەنیشتی بیستۆکەکان موگناتیسی تێدایە و دەتوانیت بە یەکەوە ڕایان بگریت و پەخشی مۆسیقایەکی بێدەنگی پێ بکەیت یان دەشتوانیت لە کاتی بەکارنەهێنانت بۆ بیستۆکەکە بە ئاسانی بیکەیتە ملتەوە، بە پێی کۆمپانیای هواوەی ئەوا FreeLace توانای بەرگەگرتنی بۆ ماوەی 18 کاتژمێر لە کارپێکردنی مۆسیقا هەیە بێگومان ئەمەش پاش بارگاویکردنەوەی بە تەواوی هەروەها بەرگەی 12 کاتژمێر لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان دەگرێت.
سەبارەت بە کاتی بارگاویکردنەوەی ئەوا ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت و بە بارگاویکردنەوەی بۆ 5 خولەک هەتاوەکو 4 کاتژمێر لە لایەن بەکارهێنەرەوە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت ئەمەش بە هۆکاری بەردەستبوونی تەکنیکی بارگاویکەرەوەی خێرایە لە بیستۆکەکەدا، لە تایبەتمەندیەکانی دیکەی بیستۆکی FreeLace توانای بەرگەگرتنیەتی بۆ ئاو و تۆز بە پێوەری IPX5 لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی چەند دوگمەیەکە و لە ڕێگایەوە کارئاسانی بۆ بەکارهێنەر دەکات لە کاتی بەکارهێنانیدا و وا دەکات بە شێوەیەکی باشتر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
سەرەڕای ئەمانەش بیستۆکەکە ڕاستەوخۆ هەڵدەستێت بە پەیوەستبوون بە مۆبایلە کارکردووەکانی هواوەی بە ڕووکاری EMUI 9.1 ئەمەش بێگومان لە ڕێگای تەکنیکی بلوتوسەوە، لە بارەی ڕەنگەوە ئەوا وەک گونجاندنێک لەگەڵ مۆبایلە نوێیەکانی هواوەیدا خاوەنی ڕەنگە ناوازەکانی سەوز و ڕەش و سپی و پرتەقاڵی دەبێت و بە نرخی 112$ دۆلاریش بەردەست دەبێت.


هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.