ئاسایشی ئەلیکترۆنی

کوردێک سنوورەکانی ئینستەگرام دەشکێنێت و ماوە درێژترین ڤیدیۆی نێو تۆڕەکە بڵاو دەکاتەوە

ڕەنگە زۆرینەمان یاساکانی نێو تۆڕی ئینستەگرام بزانین. تۆڕەکە بەکارهێنەرانی لە زۆرینەی ڕووەکانەوە سنووردار کردووە، یەکێک لەو سنووردار کردنانە لە بەشی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانە، بە شێوەیەک کە بەکارهێنەران ناتوانن ڤیدیۆی زیاتر لە 1 خولەکی لە نێو تۆڕەکەدا بڵاوبکەنەوە. بەڵام بەکارهێنەرێکی کورد زۆرینەی یاساکانی نێو تۆڕەکەی شکاندووە و ماوە درێژترین ڤیدیۆی لە نێو تۆڕەکەدا بڵاوکردۆتەوە.

هەژماری longest_video_record لە ئینستەگرام ڤیدیۆیەکی بڵاوە پێکردەوە کە ماوەکەی 5 خولەکی تەواو دەبێت، لە کاتێکدا ئینستەگرام ڕێگە بە بەکارهێنەران نادات ڤیدیۆی زیاتر لە 1 خولەکی بڵاو بکەنەوە.

https://www.instagram.com/p/BtlzeS-AvMWTdQbkU0j1tICWhdsxizH_H8vp0E0/

هەروەها ژمارەی بینەرانی ڤیدیۆکە لە 13.001.013 ـدا جێگیر بووە و ئەم ژمارەیە ناگۆڕێت، تەنانەت ئەگەر چەندین جار سەیری ڤیدیۆکە بکەیتەوە و پەڕەی ڤیدیۆکە نوێ بکەیتەوە.

بە تەنها شکاندنی سنووردارکردنی ماوەی ڤیدیۆ نا. بەڵکو هەژمارەکە بە تەواوی نامۆیە، بە شێوەیەک لە پەڕەی هەژمارەکەدا نووسراوە کە 11 پۆست لە هەژمارەکەدا بڵاوە پێکراوە، بەڵام بە تەنها 1 پۆست بە دیارە و 10 پۆست شاردراوەتەوە. لە کاتێکدا کە لە ئینستەگرامدا تایبەتمەندییەک نییە تاوەکو ڕێگە بە بەکارهێنەران بدات پۆستەکانیان بشارنەوە.

خاوەن هەژمارەکە نەناسراوە و نەمانتوانی بیدۆزینەوە تاوەکو چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدەین. بەڵام لە نووسینی ژێر ڤیدیۆ ماوە درێژەکەیدا، ئاماژەی بە ناوی “کوردستان” داوە و دڵنیای کردینەوە کە خاوەن هەژمارەکە کوردە. پێشووتریش لە بەشی Bio ـی هەژمارەکە ئاماژەی بە ناوی کوردستان کردبوو. بەڵام وا دیارە بە جێگرتنەوەی بە چەند نووسینێکی دیکە ناوەکەی لابردووە.

هەژمارەکە بە تەواوی نامۆ نییە؟ هیچ کات ڤیدیۆیەکت لە ئینستەگرامدا بینیوە کە ماوەکەی لە 1 خولەک تێپەڕ بووبێت؟

27 ئازار، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
934